وەزارەتی رۆشنبیری: کار بە رێنوێنیی ساڵی 2023ی تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان ناکرێت

16-02-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پێشوازی لە بڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، هەنگاوەکە "دەرخەری بەدەمەوەهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
 
رۆژی هەینی 16-02-2024 کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە فەیسبووک نووسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێنوێنیی رێکخستنی کاری میدیایی ژمارە 1ی ساڵی 2023 کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2023 دەرچوێندرابوو."
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، جێبەجێکردنی ئەو یاسایە "دەبووە مایەی هێنانەکایەی مەرجی نوێی رێوشوێنی ئەمنی بۆ رۆژنامەنووسانی ئۆنلاین و پێمان وایە دەبووە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی راگەیاندن."
 
هەر لە نووسینەکەدا هاتووە، ئەو بڕیارەی وەزارەتی رۆشنبیری "دەرخەری بەدەمەوەهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو نیگەرانییانەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەوڵە نێوخۆییەکانەوە بەرزکرانەوە بە مەبەستی باشکردنی دۆخی ئازادیی راگەیاندن."
 
نووسینەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، رۆژی 17-01-2024 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی کردووە و تێیدا هاتووە، "بڕیارمان دا بە: یەکەم، هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2023 تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان کە لە ژمارە 305ی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان کە لە رێککەوتی 22-5-2023 بڵاوکرایەوە. دووەم: کارکردن بە رێنمایی پێشوومان ژمارە 1ی ساڵی 2014 کە بریتی بوو لە رێنمایی رێکخستنی فرێکوینسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان."
 
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بە نووسراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە لە 12-11-2023 ئاراستەی کراوە و لەسەر بنچینەی ئەو نووسراوە بڕیارەکەی داوە.
 
هەر لەو بارەوە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نووسینێکدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسی، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەیانی ژمارە 1ی ساڵی 2024ی دەرکرد و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە 314 لە رێککەوتی 28-1-2024 بڵاوکرایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2023ی تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان.
 
ئامانج رەحیم دەڵێت، رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2023ی تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان پێشتر لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە 305 لە رێککەوتی 22-5-2023 بڵاوکرابووەوە و تێبینی و سەرنجی لە لایەن میدیاکاران و یاساناسان لەسەر تۆمارکرا و ئیدی لە رێککەوتی 1-2-2024ەوە کار بەو رێنماییەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ناکرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە "رێنمایی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان" چەند خاڵێکی تێدایە. یەکەم تێبینی ئەوەیە کە رەشنووسی ئەو رێنماییە لە رووی داڕشتنی یاساییەوە کەموکورتی تێدایە و پێویستە رەوانەی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان بکرێت تاوەکو کاری پێویست ئەنجام بدەن. دووەم، نابێت هیچ مادە و بڕگەیەکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێچەوانەی یاسا بێت و "نابێت رێنماییەکە مادە و بڕگەیەک بهێنێتە کایەوە کە بنەمای یاسایی نەبێت". سێیەم، ئەوەی کە پەیوەندی بە "رێکخستنی فرێکوینسی رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە رسوماتی مۆڵەت و نوێکردنەوەی ساڵانە" هەیە، ئەو کارە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و "ئەم بابەتە پێویستە بە یاسا رێکبخرێت."
 
هەر لەو بارەوە نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە لە وەزارەت ئەو رێنماییەمان بۆ رێکخستنەوەی کاری میدیای دەرکرد، بەڵام کاتێک بینیمان رێنماییەکە نیگەرانی لێکەوتەوە، ئیدی بڕیاریامان دا رایبگرین."
 
نامیق هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، "نیگەرانییەکە بەهۆی باش تێنەگەیشتن بوو لێی. ئەوەی ئێمە کردمان بۆ رێکخستنەوەی فرێکوینسی و کاری ریکلامی بازرگانی بوو کە خەڵک تێبینیان لەبارەیانەوە هەیە."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی رۆشنبیری باسی لەوەشکرد، ئێستا رێنمایی ساڵی 2023 راگیراوە و کار بە رێنمایی ساڵی 2014 دەکرێت و گوتیشی، دیار نییە کەی وەزارەتی رۆشنبیری رێنمایی نوێ تایبەت بەو بوارە دەردەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.