لە ماوەی سێ ساڵدا 698 خێزان هەڵەبجەیان جێهێشتووە

16-03-2022
هۆرڤان رەفعەت
لە ماوەی سێ ساڵدا 698 خێزان هەڵەبجەیان جێهێشتووە
لە ماوەی سێ ساڵدا 698 خێزان هەڵەبجەیان جێهێشتووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تەنیا لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 698 خێزان پارێزگای هەڵەبجەیان بەرەو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جێهێشتووە و 1100 گەنجیش شارەکەیان بەرەو هەندەران جێهشتووە.
 
دیارەدەی جێهێشتنی هەڵەبجە، چەند هۆکارێکی سەرەکیی هەیە، بەڵام هۆکارەکە هەر شتێک بێت زیانی گەورەی بە هەڵەبجە و ژێرخانی ئابووریی پارێزگاکە گەیاندووە. بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی کوردستان، لاوازترین بازاڕ بازاڕی خانووبەرەی هەڵەبجەیە. 60 نوسینگەی کڕین و فرۆشی خانووبەرە لە بازاڕی شارەکە هەن، بەڵام وەک خاوەنی نووسینگەکان دەڵێن، دۆخی کار و کاسبی هەموویان لاوازە، دەڵێن هەرکەس دێت موڵکەکەی دەفرۆشێت و دەڕوات.
 
وەرزێر عەبدولڕەحمان، خاوەن نووسینگەیە لەناو بازاڕی هەڵەبجە و دەڵێت، "هەڵەبجە کە قەزا بوو، دۆخی بازاڕی خانووبەرەی زۆر باشتربوو لە ئێستا، ساڵەکانی 2011 تاوەکو 2013 زۆر باشتر بوو، بەڵام لە دوای ئەوە ئیتر بازاڕ نەما، ئێستا رۆژانە خەڵکی زیاتر دێن بۆ نووسینگەکەم زەوی یان خانوو دادەنێن بۆ فرۆشتن، کەس نایەت بیکڕێت".
 
سوبحان عەبدولخالق، خاوەن نووسینگەیەکی دیکەیە و گوتی، "لە هەڵەبجە حکوومەت بە خاڵ زەویی دابەش کردووە بەسەر فەرمانبەراندا رووبەرەکەی 200 مەترە بە هەمووی دوو هەزار دۆلار دەکات، گرانترین زەوی هەڵەبجەش لە نزیک بازاڕە کە هەر مەترێکی دوو بۆ سێ هەزار دۆلار دەکات، لەوە گرانتر نییە".
 
لەساڵی 2014ـەوە هیچ پڕۆژەیەکی نوێی حکومی و وەبەرهێنان لە هەڵەبجە نەکراوە و 80٪ـی پڕۆژەکانی پێش 2014ـش هێشتا دەستنەکراوەتە بە کارکردن لێیان. 
 
کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی نائومێدی خەڵک لە نەگەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکەکانی هەڵەبجە، هەروەها لەوە گرنگتر و سەرەکیتر نەبوونی هەلیکارە لە شارەکە، ئەوە وادەکات گەنج نەتوانێت لێی بژین".
 
لەکۆی 13 بەڕێوەبەری گشتی، تەنیا چوار بەڕێوەبەر و لەکۆی چوار بەرپرسی باڵای پارێزگاکە کە پارێزگار و جێگرەکانی و قایمقامی هەڵەبجەن، تەنیا یەک کەسیان لە هەڵەبجە دەژی، سەرجەم ئەوانەی دیکەیان لە سلێمانی دەژین.
 
هەڵەبجە نوێترین پارێزگای هەرێمی کوردستان و عێراقە، لە ناحیەکانی سیروان، بەمۆ، بیارە و خورماڵ پێکهاتووە، ماوەی چەند ساڵێکە دیاردەی کۆچکردن و جێهێشتنی ئەو پارێزگایە دەستیپێکردووە. دانیشتووانی هەڵەبجە دەڵێن، زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی کە پێیان دەدرا لە ساڵیادەکانی کیمیاباران لە 16ـی سێ، هەروەکو ئەو قەرەباڵەخییە وابوو کە لەسەر شەقامەکانی شارەکەیان درووست دەبوو، هەر ئەو رۆژە هەندێک دەمایەوە و دواتر نەدەما.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە