رووداو دیجیتاڵ
نوێترین ئاماری گەنجانی تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکرایەوە، بەپێی ئامارەکە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان زۆرترین ژمارەی گەنجی هەیە.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا بۆ ساڵی 2024، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان 12 ملیۆن و 763 هەزار و 159 گەنج هەن، کە دەکاتە 14.9%ی کۆی گشتی دانیشتووانی تورکیا.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ هەینی 16ی ئایاری 2025 ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بەناوی "گەنج لە ئاماردا-2024" بڵاوکردەوە.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، لە تورکیا و باکووری کوردستان 12 ملیۆن و 763 هەزار و 159 گەنج هەن کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵیدایە، لەو رێژەیەش 51.2%ـیان کوڕ و 48.8%ـیان کچانی گەنجن.
زۆرترین رێژەی گەنجان لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە کە 20.8%ـە. دوای ئەویش پارێزگای شرنەخ بە رێژەی 20.6% پارێزگای سێرت بە رێژەی 20.3% دێت.
ئەو پارێزگایانەی رێژەی گەنجان تێیاندا کەمە بریتین لە پارێزگاکانی موغڵا بە رێژەی 11.8%، باڵکئەسیر بە رێژەی 12.1% و ئۆردوو بە رێژەی 12.2%.
بەپێی پێشبینییەکانی لێکۆڵینەوەکانی دانیشتووان، لە تورکیا رێژەی گەنجان لە داهاتوو کەم دەکات. لە ساڵی 2030 بۆ 14.8%، لە ساڵی 2040 بۆ 12.2%، لە ساڵی 2060 بۆ 10.3% و لە ساڵی 2080یش بۆ 8.8% دادەبەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ