رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ هونەرمەند محەممەد عەباس بەهرام لە ئوردن گیانی لەدەستدا و هەر لەوێ بەخاکسپێردرا و ناڕەزایی هونەرمەندان و گوێگرانی لێکەوتەوە، هاوژینەکەی دەڵێت، بڕیاریان داوە تەرمەکەی لە گۆڕ دەربهێنن و بیگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.
نەریمان وەلید، هاوژینی هونەرمەند محەممەد عەباس بەهرام، کە خەڵکی ئوردنە و بە رەچەڵەک فەلەستینییە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوێنێ [کاتێک هونەرمەند] کۆچی دواییکرد، لە بێ ئۆقرەییم تەنیا شعوری ئەوەم پێ شکا بە خاکی بسپێرم، چونکە کەسم بەدەورەوە نەبوو".
هاوژینی هونەرمەند محەممەد عەباس بەهرام دەڵێت: "ئەمڕۆ بەڕێزێک لە نووسینگەی کاک قوباد تاڵەبانییەوە پەیوەندی پێوەکردم و هەر ئەمشەو لە خاکی غەریبی [تەرمەکە] دەردەکەین تاوەکو رێکارە کارگێڕییەکان تەواو دەکەن و ئینشائەڵڵا پێنجشەممە بەرەو کوردستان دەیگەڕێنینەوە".
محەممەد عەباس بەهرام لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. هەوار فارس، بەرپرسی کارگێڕیی لقی کەرکووکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ روون نییە تەرمی هونەرمەند لە سلێمانی بەخاکدەسپێردرێت یان کەرکووک".
هەوار فارس گوتی: "بڕیارە هەر ئەمڕۆ تەرمی هونەرمەند لە ئوردن لە گۆڕ دەربهێندرێت و ببرێتە ساردخانەیەک لەو وڵاتە تاوەکو رێکارەکانی گەڕانەوەی لەسەر ئەرکی کاک قوباد تاڵەبانی تەواو دەکرێت".
هەر ئەمڕۆ فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی هەولێر و هاوڕێی هونەرمەندی کۆچکردوو بە رووداوی گوت: "رێزدار سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە، پەیوەندی بە هاوژینی هونەرمەندەوە کردووە و پێی راگەیاندووە، بۆ هەموو هاوکارییەک ئامادەن بۆ گەڕانەوەی تەرمی هونەرمەند".
هونەرمەند محەممەد عەباس بەهرام کە بە گۆرانیی "ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش" ناوبانگی پەیداکرد، رۆژی 15ـی ئەم مانگە، لە تەمەنی 72 ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئوردن کۆچی دواییکرد.
هاوژینەکەی دوێنێ بە رووداوی گوت، هونەرمەند محەممەد عەباس بەهرام بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکردووە.
ئەو هونەرمەندە و هاوژینەکەی لە بەریتانیا دەژیان، بەڵام بە مەبەستی سەردانی ماڵی باوکی هاوژینەکەی لە ئوردن بوون.
محەممەد عەباس بەهرام، ساڵی 1952 لە شاری كەركووك لە گەڕەكی مەلا عەبدوڵڵا لەدایكبووە، لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوو بە گۆرانیی 'كیژۆڵەی سوورە گوڵ' دەستی بە کاری هونەری، دواتر بە گۆرانیی "ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش" و "تووڕە مەبە لێم زیز مەبە" زیاتر ناوی دەرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ