رووداو دیجیتاڵ
لەنێوان خاوەن كەپرە گەشتیارییەكانی سماقوولی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەڕ روویدا، تائێستا کوژرانی کەسێک و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە پشتڕاست بووەتەوە.
هاوكار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی كۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "یەك لایەنی شەڕەكەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-6-2024) رەوانەی لای ئێمە كراون، كە كوژراوێك و چوار برینداریان هەیە."
سێ لە بریندارەكانی ئەو لایەنە بە گوتەی هاوکار عەلی "بە دار و بەرد بریندار کراون، چوارەمیشیان گوللـەی بەرکەوتووە."
شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە بە رووداوی گوت "بریندارەکان برینیان سووکە و لە کۆیەن لەژێر چاودێریی پزیشکدان."
سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکە، تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە رووداوی گوت ''شەڕەکە لەنێوان ژمارەیەک ئامۆزا و برای یەکدی روویداوە. تائێستاش هۆکارەکەی روون نییە، بەڵام پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە."
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بەشەڕ هاتوون، بە گوتەی قایمقامی کۆیە "خاوەن کەپری گەشتیارین لە سماقوولی و پێشتریش چەند جارێک لەسەر بابەتی کەپر کێشە لەنێوانیاندا روویداوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لایەنەکەی دیکەی بەرامبەر، بەهەمان شێوە برینداریان هەیە و سێ برینداریان رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ