رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، ئاگر لە سنوورى ناحیەى ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ کەوتووەتەوە، لە ئەنجامدا 1600 دۆنم زەوی و 5000 دار سووتاون. ئاماژەی بەوەش کرد، دوو کەس دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 هێمن عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئاگرێک لە سنوورى گوندى خەربەندەلووى ناحیەى ئاغجەلەر کەوتەوە. بەهۆى بوونى بایەکی بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەى سەند بۆ سنوورى قەزاى بازیان."
بە گوتەی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، بە هاوکاریی پۆلیسی دارستانی ناوچەکە و هاونیشتمانییان، توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
هێمن عەلی دەڵێت، "بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، رووبەرى 1600 دۆنم لە پووش و پاوان سووتاوە؛ هەروەها زیانى زۆر بەر دارستانە سرووشتییەکانى سنوورەکە کەوتووە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی، نزیکەی 5000 داری هەمەچەشن سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، "لەلایەن بنکەى پۆلیسى دارستانى ئاغجەلەرەوە دوو هاووڵاتی دەستگیر کراون کە گومانیان لێدەکرێ رۆڵیان هەبووبێت لەو ئاگرەدا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ