رووداو – هەولێر
لەسەر پشكپشكێنە و خەرجیی پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە شەقڵاوە، فاخیر هەریری گۆرانیبێژی میللی دەستگیر دەكرێ، برا گەورەكەشی دەڵێ لەبەرئەوەی كوڕە هەژارە دەیانەوێت مافی بخۆن، بەڵام پارێزەری خاوەن موڵكەكە دەڵێت ئەو گۆرانیبێژە كەلوپەلی پڕۆژەكەی فرۆشتووە بۆیە دەستگیركراوە.
فاخیر هەریری، گۆرانیبێژی میللی، رۆژی 10/7/2019 لە لایڤێكی فەیسبووكدا باسی ئەوەی كرد كە چەند بەرپرسێك بە هاوكاریی بەرپرسی بنكەیەكی ئاسایشی شەقڵاوە دەیانەوێ مافی بخۆن لەو پڕۆژە گەشتیاریەی كە ئەویش تێیدا شەریكە، ئەو دەڵێ: "گرێبەستم لەگەڵ سێ كەسی دیكەی بەشدار لە پڕۆژە گەشتیارییەكەی بناری سۆرك لە شەقڵاوە هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی كوڕە هەژارم و ئەوان بەرپرسن، دەیانەوێت مافم بخۆن و بەزۆر لە پڕۆژەكە بمكەنە دەرەوە".
فاخیر هەریری هەروەها دەڵێت: "تۆمەتبارم دەكەن كە كەلوپەلی نێو پڕۆژەكەم بردووە، بەڵام دواتر بە بەڵگەوە ئاشكرا بوو كە چوار پێنج كەسی دیكە دزیویانە و ئێستا دەستگیركراون، تاوەكو ئێستا سێ جار سكاڵایان لەسەر تۆماركردووم و چوومەتە بەردەم دادوەر، بەڵام هیچ بەڵگەیەكەیان لەسەرم پێ نەسەلمێنرا و ئازاد كرام، ئێستاش من داوای مافی خۆمیان لێدەكەمەوە، 140 هەزار دۆلارم لەو پڕۆژەیە خەرج كردووە، بۆیە تاوەكو مافی خۆم نەدەنەوە لێرە ناڕۆم، مەگەر بەسەر تەرمەكەمدا بڕۆن".
دوای نیو سەعات لەو راستەوخۆیەی فەیسبووك، فاخیر هەریری دیار نەما و لەنێو هەوادار و هاوڕێكانی دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە بێسەروشوێن كراوە، بەڵام بەگوتەی برا گەورەكەی، فاخیر هەریری لە شوێنێكی پارێزراوە. فارس محەممەدئەمین، برا گەورەی فاخیر بە (رووداو)ی راگەیاند: "خۆم براكەمم برد و رادەستی پۆلیسم كرد، ئێستا لەلای ئەوانە و پارێزراوە، دەمانەوێ لەڕێگەی دادگاوە كێشەكە چارەسەر بكەین".
فارس محەممەد ئەمین باسی كێشەی براكەی دەكات و دەڵێت: "پڕۆژە گەشتیارییەكە كە 26 ڤێلا و كافتریا و هۆڵی ئاهەنگگێڕانی تێدایە، زیاتر لە 10 ساڵە دروستكراوە. فاخیریش لە ساڵی 2016 بووە شەریك لە پرۆژەكە، لەگەڵ خاوەن پشكەكان وا رێككەوت كە 10%ی پڕۆژەكە بۆ ئەو بێت، هەر كاتێكیش وازی هێنا، ئەو پارەی لە پڕۆژەكەدا خەرجی كردووە بۆی بگەڕێننەوە، بەڵام ئێستا دەیانەوێ مافی ئەو بخۆن".
بەڵام پارێزەری خاوەن موڵكەكە دەڵێ فاخیر هەریری ناپاكی لە ئەمانەتدا كردووە بۆیە سكاڵایان لەدژی تۆمار كردووە. حەمید محەممەد سرێشمەیی، پارێزەری خاوەن موڵكەكە بە (رووداو)ی راگەیاند: "فاخیر هەریری دوو سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، ئێستاش لەلایەن پۆلیسی شەقڵاوە دەستگیركراوە".
ئەو پارێزەرە گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە رادەستی فاخیر هەریری كرابوو بۆ ئەوەی گرنگی پێبدات و بەرەوپێشی ببات، بەڵام بەڵێنەكەی نەبردەسەر، بەقسەی خۆی پارەی لە پڕۆژەكە خەرج كردووە، بەڵام دواتر نەیتوانیوە قەرزەكانی بداتەوە، بۆیە كەلوپەلەكانی نێو خانووە گەشتیارییەكانی فرۆشتووە و داویەتی بە خاوەن قەرزەكانی خۆی كە ئەمە ناپاكییە لە ئەمانەت".
هاوڕێ و هەوادارانی فاخیر هەریری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڕیاریان داوە كە ئەمڕۆ دووشەممە 15/7/2019 لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردببنەوە بۆ ئازادكردنی گۆرانیبێژە میللییەكە، بەڵام برا گەورەكەی دەڵێ: "بەناوی بنەماڵەكەمان زۆر سوپاسی خەمخۆریی هاوڕێ و هەوادارانی براكەم دەكەین، پێویست بە گردبوونەوە ناكات، ئێمە خۆمان هەوڵی ئازادكردنی دەدەین".
برا گەورەكەی باسی رەوشی ئابووریی فاخیر هەریری دەكات و دەڵێت: "فاخیر هەریری خاوەنی شەش منداڵە و چواریان نەخۆشن. دوو لە منداڵەكانی شەلەل دەماغن و دووشیان كەمئەندامن، كرێچییە. ئەگەر ئێمە هاوكاری نەكەین منداڵەكانی لە برسان دەمرن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ