رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی تەقەی سەربازانی ئێرانەوە رووبەری 150 دۆنم زەویی پووش و پاوان و داری سرووشتی لە کوێستانەکانی گوندی مڕانی ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی سووتاوە.
رۆژی یەکشەممە 16-07-2023 عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاگرێک لە کوێستانەکانی گوندی (مڕان)ی ناحیەی گەرمك کەوتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی گەرمك گەیشتنە شوێنی دیاریکراو و توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی روونیشیکردەوە، "هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە تەقەی هێزەکانی ئێران بووە و زیانەکەشی زۆرە، کە بەهۆی ئەو ئاگرەی دروستبووە 150 دۆنم زەویی پووش و پاوان و داری سرووشتی سووتاوە."
عەمید هێمن کەمەرخان گوتیشی، هێزەکانی ئێران لە سنووری ئێرانەوە تەقەیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک خەڵک لە سنوورەکانی نێوان ئەو ناوچەیە و ئێران نزیکببنەوە، هێزەکانی ئێران تەقە دەکەن.
ناحییەی گەرمک یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ