شەڕەکەی خەبات لەسەر چی بووە و دوێنێ شەو چی روویدا؟

16-09-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن خەبات هەولێر شەڕی کۆمەڵایەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 11-09-2021 لەنێو بازاڕی قەزای خەبات بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەوە چوار کەس کوژران. دواتریش یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا. دوێنێ شەویش لایەنێکی شەڕەکە دەستی بۆ چەک بردووەتەوە و تاوەکو بەرەبەیان دەنگی تەقە لەو قەزایە دەبیسترا.
 
شەڕەکە چۆن روویدا؟
 
مێردمنداڵێکی تەمەن لەنێوان 13 بۆ 14 ساڵ دەچێتە چێشتخانەیەک و داوای لەفەیەک دەکات، بەگوتەی منداڵەکە کە دواتر بۆ کەسوکارەکەی باسکردووە، خاوەن چێشتخانەکە و شاگردەکانی گاڵتەیان پێکردووە و لەفەکەیان پێنەداوە و لێیانداوە. مێرد منداڵەکە دەچێتەوە بۆ ماڵەوە و کە لێیان پرسیوە بۆ واتلێهاتووە ئەویش باسی رووداوەکەی کردووە و دواتر بۆ چارەسەر بردوویانەتە نەخۆشخانە.
 
براگەورەی مێردمنداڵەکە تەلەفۆن بۆ خاوەن چێشتخانەکە دەکات و داوای لێدەکات تاوەکو باوکی نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە و کێشەکە گەورەتر نەبووە بە ئاسانی چارەسەر بکرێت، بچنە ماڵیان و داوای لێبووردن بکەن، بەڵام بەگوتەی ئەو خێزانە خاوەن چێشتخانە و شاگردەکانی زۆر گوێیان بە قسەکەیان نەداوە و داواکەیان رەتکراوەتەوە.
 
کاتێک باوکی میردمنداڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و بە رووداوەکە دەزانێت دەچێتە چێشتخانەکە و دەبێتە دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو و خاوەن چێشتخانەکە و شەڕە تەقە دروستبووە. لە ئەنجامدا باوکی مێردمنداڵەکە بریندارە و یەکێک لە کوڕەکانیشی کوژراوە، لە لایەنی بەرامبەر کە خاوەنی چێشتخانەکەیە سێ کەسیان کوژراوە و یەکێکیشیان بریندارە.
 
شەوی 15-9-2021 چی روویدا؟
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 15-9-2021 تەقەکردن لە قەزای خەبات دستیپێکرد و تاوەکو درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو. ئەگەرچی دەگوترا شەڕ روویداوەتەوە لەنێوان دوو بنەماڵەکە و کوژرا و بریندار هەیە، بەڵام پەیامنێری رووداو لە قەزای خەباتەوە گوتی، نە کەس بریندار بووە و نە کەسیش کوژراوە.
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو کە بۆ وەرگرتنی زانیاریی چووبووە قەزات خەبات گوتی، لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و قایمقامی خەباتیش قسەیکردووە و زانیاریی دەستکەوتووە کە شەڕەکە تەنیا تەقەکردن بە ئاسماندا بووە و هیچ زیانێکی نەبووە.
 
پەیامنێری رووداو گوتی دوو لایەنی شەڕەکە دوورن لەیەک، دوێنێ شەو لایەنێکیان لە ماڵی خۆیانەوە تەقەی هەواییان کردووە و هیچ شەڕێک و رووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوانیاندا رووینەداوە. دواتر پۆلیس و ئاسایش توانیان دۆخەکە کۆنترۆڵبکەن و لەکاژێر 00:00 تەقەکردنەکەش کۆتاییهات و دۆخی خەبات بە تەواوی ئاسایی بووەوە.
 

 

پارێزگاری هەولێر: شەڕەکە شەڕی دوو عەشیرەت نییە و تەنیا شەڕی دوو بنەماڵەیە
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی دۆخی دوێنی شەوی قەزای خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شەڕەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە و تەقەکان بە ئاسماندا کراون و دەستبەجێ هێزێکی زۆری ئەمنی (ئاسایش، پێشمەرگەی زێرەڤانی و پۆلیس )مان رەوانەی شارۆچکەکە کرد و دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد.
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "ئەو دۆسییەیە پەیوەندی بە عەشیرەتەکانی خەیلانی و گۆرانەوە نییە و تەنیا شەڕی نێوان دوو بنەماڵەیە".
 
لەبارەی دۆسییەکەوە پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دۆسیەیە دەبێ یاسا یەکلایی بکاتەوە و تاوانبار بە سزای خۆی بگات، چەند تۆمەتبارێک دەستگیرکراون و هەرکەسێکی دیکەش تۆمەتی لەسەربێت دەستگیر دەکرێت و دادگا حوکمی خۆی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی.

ئەمڕۆ دوایین رۆژ بوو بۆ کۆنفرانسی گۆڕان؛ کەی دەیکەن؟

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆی وەکو دواکات بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردبوو کۆنفرانسی گشتیی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە کۆنفرانس ناکات. بەرپرسێکیان دەڵێت: "سەرەتای ساڵی نوێ کۆنفرانسی یەکلاکەرەوە دەکرێ".