سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی بۆ رووداو: پەیامەکەی ئۆجەلان لە کاتێکی گونجاودا هات

16-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
حەسەن فەرحان، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو.
حەسەن فەرحان، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی، پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە گرنگ وەسف کرد و گوتی، ئەم پەیامە لە کاتی خۆیدا هات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و عەرەب، کە بە "پەیوەندییە ئەزەلییەکان" وەسفی کردن.
 
حەسەن فەرحان، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی لە بەرنامەی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پەیوەندییانە هەموو رەهەندە مرۆییەکان دەگرێتەوە، وەک خزمایەتی و دراوسێیەتی و هاوبەشیی نیشتمانی، جەختی لەوەش کردەوە کە پەیوەندی نێوان کورد و عەرەب پەیوەندی خاک و نیشتمانە و ناتوانرێت لێک جیابکرێنەوە.
 
فەرحان روونیشی کردەوە کە ئۆجەلان، سەرەڕای ئەوەی کورد بوو، توانیویەتی پێکهاتە و مەزهەبە جیاوازەکانی ناوچەکە، لە کورد، عەرەب ، مەسیحی، موسڵمان، ئێزدی و زەردەشتی کۆبکاتەوە. گوتیشی، پرسی کورد، پرسی هەموو گەلانی ناوچەکەیە، نەک تەنیا تایبەت بێت بە کوردەوە، جەختی لەوەش کردەوە کە "پرسی کورد گرنگە بۆ عەرەب و مەسیحییەکانیش". ئاماژەی بەوەشدا کە باوکی پەیوەندییەکی عەشیرەتی و کەسیی لەگەڵ سەرکردەی کۆچکردووی کورد مستەفا بارزانی هەبووە، ئەمەش قووڵایی پەیوەندییە عەشیرەتییەکانی نێوان عەشیرەتی تەی و سەرکردە جیاوازەکانی ناوچەکە پیشان دەدات.
 
فەرحان لە درێژەی قسەکانی دا گوتی، پەیامەکەی ئۆجەلان "بەهێز و روون" بوو، ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی هەوڵیداوە ئەم پەیامە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بگەیێنێت، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پەیامە رێزێکی زۆری لێگیراوە و پەیامەکە گەیشتووەتە هەموو عەشیرەتە عەرەبییەکان، لەوانەش عەشیرەتی تەی، کە پێگەیەکی بەرزی لە پەیوەندییە عەشیرەتییەکانی نێوان عێراق و سووریا بەدەستهێناوە.
 
فەرحان ئاماژەی بەوەشدا کە قۆناغی ئێستا قۆناغی "سەقامگیری و دیالۆگ"ـە و جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە، لەوانەش "دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی".
 
فەرحان پێی وایە رێککەوتنەکەی 10ـی ئادار دەبێت رۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی لامەرکەزییەت لە ناوچەکەدا، جەختی لەوەش کردەوە کە "سووریا بۆ هەمووانە" و چارەسەرە سیاسییەکان دەبێت هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا، لەوانەش کورد و عەرەب و مەسیحییەکان، بگرێتەوە.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، فەرحان رەخنەی لە هەوڵی هەندێک لایەنی تووندڕۆ گرت بۆ بڵاوکردنەوەی فیتنە لە نێوان کورد و عەرەب، بە نموونە هێنانەوەی رووداوەکانی سوەیدا و هەوڵدان بۆ وروژاندنی گرژییە تایفییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە