لە سلێمانی وەرگرتنی پارەی کارەبا لە پێش دەرگەی ماڵان دەستپێدەکات

16-10-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ پڕۆسەی وەرگرتنی پارەی کارەبا لە پێش دەرگەی ماڵان دەستیپێکرد. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پرۆسەی وەرگرتنی پارەی کارەبا لەبەردەم دەرگەی ماڵان دەستپێکردووە و هەر ماڵێک پارەی دوو مانگی بۆ هاتبێتەوە پێویستە پارەکەی بدات، بەڵام قەرزەکانی پێشووتری دەمێنیتەوە و دەتوانن دواتر بەشێوەی قیست بیدەنەوە، بەڵام ئەگەر هاونیشتمانییەک بیەوێت قەرزەکانی بهێنێتەوە ئەوە ئازادن و دەتوانن لە پێش دەرگەی ماڵان قەرزەکانیان بدەنەوە." 
 
بە گوتەی سیروان محەممەد، ئەمە پڕۆسەیەکی نوێ نییە و لە دەرەوەی شار بەردەوام بەمشێوەیە قەرزی کارەبا دراوەتەوە. 
 
لەبارەی قەرزی هاوبەشانی بازرگانی و پیشەسازی، سیروان محەممەد گوتی: "کارەبایەکی زۆر بڕدراوە، سەرەتا ئاگاداریان دەکەینەوە قەرزەکانیان بهێننەوە، بە تایبەتی ئەوانەی زۆر قەرزارن تاوەکو 10 بۆ 15 رۆژ مۆڵەتیان پێ دەدرێت قەرزەکانیان نەهێننەوە، کارەبایان دەبڕدرێت." 
 
رۆژی یەکشەممە 25-9-2022،بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە هۆكاری كەمبوونەوەى (سیولەى پارە) بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنى خزمەتگوزارییە پێویستییەكان لە نەخۆشخانەكان و ئاو، كارەبا و رێگەوبان كە بەوهۆیەوە زۆرێک لە پڕۆژەكانی ئەو بوارانە پەكیان كەوتووە و ناتوانرێت تەواوبكرێن؛ لە پلانماندایە كە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو قەرزانەی كارەبا لای هاووڵاتی ئاسایین لە (پۆلی ماڵان) كۆبووەتەوە، لێپرسینەوە لەبارەیانەوە نەكرێت تاوەکو لە داهاتوودا حكومەت بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە دەدات، بەڵام لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) لەبەردەم ماڵاندا وەردەگیرێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە