رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمکردنەوەی گومرگ لەسەر شیشی هاوردەکراو کارگەکانی شیشی بیناسازی هەرێمی کوردستان ناڕازین و ئێستا شیشی هاوردەکراو بازاڕیان لە شیشی نێوخۆ گەرمترە.
خاوەن کارگەیەکی شیش لە هەولێر بە پەیامنێری رووداوی گوت، هەرزانی بەشێک لە شیشی هاوردەکراو بۆ خراپی کوالێتی و کەمیی گومرگ لەسەریان دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک تۆنێک شیشی ئێرانی بە 600 دۆلارە، بەڵام تۆنێک شیشی نێوخۆ بە 640 بۆ 650 دۆلارە، ئەوەش بازاڕی ئەوانی سست کردووە.
پەیامنێری رووداو چووە یەکێک لە تاقیگەکانی پشکنینی شیشی بیناسازی؛ لە تاقیگەکە چاودێری پشکنینی شیشی 12 ملیم دەکەن، پشکنینەکان بریتین لە پشکنینی هێز یان گوشار، کێش و قەبارە، دەیانەوێت بزانن جیاوازییەکانیان چییە.
لە پشکنینی قەبارەی شیشە 12 ملیمیەکە دەرکەوت کە شیشە نێوخۆییەکە ستاندارە و نزیکەی 12 ملیم بوو، بەڵام شیشە هاوردەکراوەکە قەبارەکەی لە 10 ملیم و نیو کەمتربوو.
لە پشکنینی کێشی دوو شیشە 50 سانتیمەترییەکە دەرکەوت، شیشە نێوخۆییەکە 430 گرام بوو، بەڵام شیشە هاوردەکراوەکە کێشی زۆر کەمتربوو کە تەنیا 358 گرام بوو.
لە پشکنینی هێز و گوشار کە بەگوێرەی ستاندارد دەبێ زیاتر لە 500 پلە بێت، دەرکەوت شیشە نێوخۆییەکە زیاتر لە 500 پلەبوو، بەڵام شیشە هاوردەکراوەکە تەنیا 432 پلەی تۆمارکرد. بورهان فەرەیدوون، بەڕێوەبەری کارگەی مید ستیل بە رووداوی گوت، "نەک تەنیا کاریگەریی نەرێنی هەبووە ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی ئاسن لە بازاڕی نێودەوڵەتی مەترسی ئەوەمان بۆ دروست دەکات کە کارگەکانمان دابخەین."
لە هەرێمی کوردستان 9 کارگەی بەرهەمهێنانی شیشی بیناسازی هەن. پێویستی ساڵانە بەگوێرەی خواست، لە نێوان 700 هەزار بۆ ملیۆنێک تۆن شیشە؛ لەکاتێکدا کارگەکان توانای سێ هێندە زیاتر بەرهەمهێنانیان هەیە و ساڵانە 3،700،000 تۆن شیش بەرهەم دەهێنن کە داهاتی ساڵانەیان 2 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە.
75%ی بازاڕی کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقە، بەڵام ئێستا شیشی ئێرانی خەریکە مەیدانەکەیان پێ چۆڵ دەکات.
بازرگان و هاوردەکارانی شیشی ئێرانی بازاڕیان گەرمە، ئێستا هەرزانترین شیش لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشن. هێمن عومەر، بازرگانی شیشی بیناسازی دەڵێت، "شیشی ئێرانی هاوردە لە هەولێر نرخی 600 دۆلارە بەراورد بە کارگەکانی خۆمان 60 دۆلار جیاوازی هەیە [نرخەکەی کەمترە]."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی 7ی ئەمساڵ بڕیاریدا باج و گومرگی سەر شیشی بیناسازی نزیکەی 50% کەمبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ