رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر لێخۆشبوونی 100٪ـی کرێی خوێندنی سەرجەم سێ یەکەمە دانەمەزراوەکان داوە کە لە خوێندنی ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 وەرگیراون. نوێنەری گشتیی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆر لە وەرگیراوان بۆ خوێندنی ماستەر لێی سوودمەندن، بەڵام دیار نییە ژمارەکە بەدیاریکراوی چەندە."
رۆژی دووشەممە، 16-10-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، "رەزامەندی لەسەر لێخۆشبوونی 100٪ی كرێی خوێندنی سەرجەم سێ یەكەمە دانەمەزراوەكان دا كە لە خوێندنی ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) وەرگیراون."
گوتیشی، "ئەوەش دوای ئەوە دێت بەشێكیان پێشتر لێخۆشبوونیان لە كرێی خوێندن بە رێژەی 100٪ بۆ كرابوو، بەڵام لە قۆناخی دووەمی وەرگرتنیان بەشێكی دیكەیان مابوونەوە، بۆیە داواكارییەكەیان لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە وەرگیرا و ئێستا جێبەجێ كرا."
کاروان عەلی، نوێنەری گشتیی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 16-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕیارە سێ یەکەمەکانی ساڵانی پێشتر لەساڵی خوێندنی 2017-2018 تاوەکو ئەم ساڵ دەگرێتەوە، بەڵام دیار نییە ژمارەیان چەندە، چونکە ئێمە 9 هەزار و 812 خوێندکاری سێ یەکەمی دەچووی زانکۆ و پەیمانگەکانمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، هێشتا دیار نییە چەندیان داوای خوێندنی ماستەریان کردووە، بەڵام بە گشتی بڕیارەکە باشە و سەتان دەرچووی زانکۆ و وەرگیراو لە ماستەر لێی سوودمەند دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ