بەڵێنی پارتی و یەکێتی بۆ گەنجانی کەرکووک ؛' هەلی کاری زیاتریان بۆ دەڕەخسێنین'

16-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی و یەکێتی لە کەرکووک "بەڵێن" بە گەنجان دەدەن بۆ دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کار، هەریەکەیان ئامانج و دیدگەی خۆی بۆ گەنجان و پشتیوانی گەنجانی کەرکووک دەخەنەڕوو ، پارتی دەیەوێت هاوسەنگی لە دام و دەزگەکانی کەرکووک هەبێ لەرووی رەخساندنی دەرفەت بۆ دامەزراندن و یەکێتیش دەڵێ: "یەکێک لە بەرنامەکانمان رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاترە بۆ گەنجان."
 
سەرلیستی پارتی لە کەرکووک:دەمانەوێت هاوسەنگی بۆ نێو فەرمانگەکانی کەرکووک بگەڕێنینەوە
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک رۆژی پێنجشەممە 16-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دوای ماندووبوونی زۆر و چەندین کۆبوونەوە، توانیمان پڕۆژەیاسایەکی زۆر گرنگ تێپەڕێنین، یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەنگی لەسەر درا و پەسندکرا، یاساکە بەجێبەجێکردنی گەرەنتی کارکردنی ئەو گەنجانەش دەکات کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن و هەمان ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەرانی حکومییان دەبێت و بە زیادیشەوە.''
 
سەرلیستی پارتی باس لە ئامانجی حیزبەکەی لە کەرکووک دەکات و دەڵێ: "وەکو پارتی دەمانەوێت هاوسەنگی بۆ نێو فەرمانگەکانی دەوڵەت بگەڕێنینەوە، لە زۆربەی فەرمانگەکانی کەرکووک کورد بێبەش کراوە، دۆخی کەرکووک لە هەموو بوارێکدا گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و زیادکردنی دەرفەتی کار، دەمانەوێت کۆمپانیای گەورە بهێنین و بە هەزاران هەلی کار بڕەخسێنین."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا بە رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت کەرتی تایبەت ببێتە جێگرەوەی کەرتی گشتی، جگە لەوەش ئەوانەی بڕوانامەیان نییە، توانیمان لە دامەزراوە ئەمنییەکان، سەربازییەکان و پاسەوانیی سنوور دایانبمەزرێنین. ئەوانەش بڕوانامەیان هەیە، بەشێکی زۆریان بەپێی شارەزایی خۆیان دامەزرێندراون، توانیمان لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی 4 هەزار کەس دابمەزرێنین و 5 هەزار و 200 خێزانیش  مووچەیان نەبوو، لە تۆماری چاودێریی کۆمەڵایەتی ناویان نووسراوە."
 
یەکێتی: بەرنامەی سەرەکیمان لە کەرکووک دامەزراندنی گەنجانە 
 
 جگە لە پارتی، یەکێتییش بە هەمان شێوە بەڵێنی دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان دەدات. رێبوار تەها، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کە هاوکات پارێزگاریشە رۆژی پێنجشەممە 16-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 7 هەزار کەس بە گرێبەست لە کۆمپانیاکان دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ رەخساوە، ئەمە یەکێکە لە بەرنامەکانمان کە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنین لە پارێزگەکەمان."
 
لە 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، پارێزگاری کەرکووک دامەزراندنی 7 هەزار کەسی بە گرێبەست لە پارێزگەکە راگەیاندبوو، دامەزراندنەکە لە رێگەی لینکێکی ئەلیکترۆنییەوەیە و سەر بە پارێزگایە.
 
بۆ وەرگرتن چەند پێوەرێک دانراون، لەوانە: پێویستیی دامەزراوەکان و رێژەی دانیشتووانی قەزا و ناحیەکانی پارێزگاکە. لەوبارەیەوە رێبوار تەها دەڵێت، "کۆمپانیا بیانییەکان دەهێنینە پارێزگاکە و هەلی دامەزراندن زیاتر دەکەین، ئێمە لە کارکردندا تایبەتمەندیی خۆمان هەیە، بۆیە هاووڵاتییان لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ کارکردن دێنە کەرکووک."
 
پارێزگاری کەرکووک دەڵێ: "دوو جۆر پڕۆژەی کارکردن هەن: ئەوانەی لەنێو گەڕەکەکانن وەکو پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ئەوانەش کە پڕۆژەی ستراتیژین وەکو رێگەوبان و دروستکردنی پرد، کە نزیکەی 12 پڕۆژەن."
 
رێبوار تەها ئاماژە بەوە دەکات، "لە ماوەی کارکردنماندا  نزیکەی 3 هەزار هەلی کارمان رەخساندووە ، بۆ ساڵی 2026 و دوای هەڵبژاردن، پلانێکی نوێی کارکردنمان دەبێت لە بوارەکانی رێگەوبان، کارکردن لە کەرتی تایبەت و پڕۆژە سەرەکییەکان."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.