رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر کە تاکە نوێنەری ئامەدییەکانە لە خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا دا، چوارەمین کۆگەی وەرزشیی لە مۆڵی فۆڕوم لە ئامەد کردەوە.
لەکاتێکدا ئێستا یانەی ئامەدسپۆر لە کۆی 20 یانەی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا پلەی سێیەمی گرتووە، لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان، تورکیا و وڵاتانی دیکەوە جەماوەری هەن و درێسی ئەو یانەیە فرۆشی زۆرە.
یانەکە رایگەیاندووە، کۆگەی چوارەمینیان لە ئامەد کردووەتەوە کە تێیدا درێسی ئەم وەرزە، پێویستیی وەرزشیی بە لۆگۆی ئۆرجیناڵی ئامەدسپۆرەوە دەستدەکەوێت.
ئامەدسپۆر داوا لە جەماوەرەکەی دەکات، سەردانی کۆگەکەی (AmedStore) بکەن و پشتیوانیی خۆیان دووپات بکەنەوە.
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی (سوور - سەوز - سپی)یە.
سەرەتا لە ژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
هەروەها ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
ئەو یانەیە هەوراز و نشێوی زۆری بڕی؛ وەرزی 2013-2014 بلیتی بۆ خولی پلە دوو بەدەستهێنا، بەڵام لە یاریی بەرامبەر ئاڵانیاسپۆر دۆڕا و لە خولی پلە دوو مایەوە. رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی رابردوو بووە پاڵەوانی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا و ئەم ساڵ 2025 لە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا یاری دەکات.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا تائێستا 13 یاریی کردووە. هەشت یاریی بردووەتەوە، لە دوو یاریدا بەرامبەر بووە و 3 یاریی دۆڕاندووە.
ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە پلەی سێیەمە. ئەمە لەکاتێکدایە یانەکانی بۆدڕوم و پەندیکسپۆر بە 27 خاڵ و 26 خاڵ لە پلەکانی یەکەم و دووەمن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ