رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی دووبز بڵاوکردەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەکات "بە زووترین کات رێوشوێنی تووندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنەبەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت".
دوێنێ، بەربژێرێکی دەرچووی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی لە قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک، دەستڕێژی گوللـەی لە خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی کرد و ئەندامانی خێزانەکەی ئازار دان.
دوای رووداوەکە، هێزێکی سوپای عێراق چووە دووبز و نووسینگەی تەقەدوومیان لەو قەزایە داخست.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی دەکات و دەشڵێت، "پێویستە هەموو رێکارێک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووپاتی دەکەینەوە هەموو رێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لەدژی ناوبراو دەگرینەبەر، ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکەینەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە".
دەقی راگەیێندراوەکە:
رۆژی شەممە 15ـی 11ـی 2025، بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەییمان بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک. هەرچەندە خۆی لە ماڵەوە نەبووە، بەڵام بەربژێرەکەی تەقەدووم دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی پێشمەرگەکەمان کردووە و خانەوادەکەی ئازار داوە.
ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە تووندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەین بە زووترین کات رێوشوێنی تووندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنە بەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت.
دووپاتی دەکەینەوە هەموو رێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لەدژی ناوبراو دەگرینەبەر، ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکەینەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە. هاوکات پێویستە هەموو رێکارێک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی
16/11/2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ