رووداو دیجیتاڵ
لە پاش پێنج رۆژ لە بێسەروشوێنبوونیان و گیرخواردنیان لەنێو هەرەسی بەفردا، نیوەڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی سێ شاخەوانەکەی خەڵکی نەغەدە لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرانەوە.
رۆژی 11-01-2024، پێنج کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی کاویانی نەغەدە بۆ شاخەوانی چوونە شاخی رندۆڵە لە ناوچەی شنۆ، بەڵام رۆژی هەینی لە کاتی گەڕانەوەیاندا هەرەسی بەفریان بەسەردا هات؛ دوو کەس لەوان رزگاریان بوو و چارەنووسی سێ شاخەوانەکەی دیکە تاوەکو ئەمڕۆ نادیار بوو.
ئەم دیمەنانە کاتی دەرهێنانەوەی یەکێک لە تەرمەکانە:
ئەمڕۆش بە بەشداری خەڵکی خۆجیێی و شاخەوانەکانی شارەکانی شنۆ، پیرانشار، نەغەدە و مهاباد و چەند شارێکی دیکە و هەروەها تیمێکی 30 کەسی لە تارانەوە رەوانەی شنۆ کرابوون، تەرمی هەر سێ شاخەوانەکە دۆزرانەوە.
ئەو سێ شاخەوانە ناوەکانیان محەممەد رۆیان، موحسێن عەزیزی و رەزا کایشیە کە هەر سێکیان ئەندامی تیمی شاخەوانی کاویانی نەغەدە بوون.
قایمقامی شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێی ئەمڕۆ بەیانی گوتبووی، تیمێکی 30 کەسی لە تارانەوە بۆ ناوچەی رندۆڵە نێردراوە و "رووبەری ئەو شوێنەی کە هەرەسی بەفری بۆ هاتووە زیاتر لە یەک هەزار مەتری چوارگوشەیە، کە بەرزایی بەفر لە هەندێک شوێنی دەگاتە نزیکەی 10 مەتر و ئەوەش کاری گەڕانەکەی قورستر کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ