رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا تەلەفۆنی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و ستایشی هەوڵەکانی کرد بۆ نێوەندگیری و هێورکردنەوەی دۆخی سووریا. هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشق دووپات کردەوە.
رۆژی شەممە (17-1-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، باسیان لە دۆخی عێراق، هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، بەتایبەتی تیشک خرایە سەر پێشهاتەکانی سووریا.
هەردوولا "نیگەرانیی قووڵیان بەرامبەر بە ئاڵۆزی و پێکدادانەکان لە سووریا دەربڕی" و داوایان کرد هەموو لایەک دۆخەکە هێور بکەنەوە. هەروەها پشتیوانییان بۆ دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دەربڕی.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ماکرۆن "ستایشی رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ نێوەندگیری و هەوڵەکانی لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخی سووریا."
لەلایەن خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە "پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ