رووداو دیجیتاڵ
ئومێد بەرۆشکی، یەکێک لە حوکمدراوانی پێشووی بادینان ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە بۆ ماوەی دوو کاژێر دەستگیرا و دواتر ئازادکرا. دوای ئازادکردنیشی راگەیاند، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا نەکراوە، بەڵام لاپتۆپ و کامێراکەیان بردووە.
رۆژی دووشەممە 17-4-2023، ئومێد بەرۆشکی، یەکێک لە حوکمدراوانی پێشووی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە لەنێو ئۆفیسەکەی خۆم کە لەنێو ماڵەکەمدایە دەستگیرکرام و لەگەڵ خۆمدا لاپتۆپ و کامێراکەشیان برد، نزیکەی دوو کاژێر لە ئاسایشی دهۆک هێڵدرامەوە، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێک بدەنە پاڵم یان هیچ لێکۆڵینەوەیەکم لەگەڵدا بکەن، دواتر ئازادیان کردم، بەڵام لاپتۆپ و کامێراکەیان نەدامەوە."
رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری خۆبەخشی ئومێد بەرۆشکی لەبارەی دەستگیرکردنی بریکارەکەیەوە گوتی: "هۆکاری دەستگیرکردنەکە نازانین و هیچ تۆمەتێک نەدراوەتە پاڵی، بەڵام ئەوەی هەیە کەلوپەلە کەسییەکانیان بردووە."
رۆژی سێشەممە، 22-6-2021، دادگەی کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی 240 هەزار دیناری بۆ چالاکڤان ئومێد حەجی فەتاح، ناسراو بە ئومێد بەرۆشکی دەرکرد، ئەویش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ماددەی 240ی یاسای سزاکانی عێراق.
سکاڵاکانی سەر ئەو چالاکڤانە لەلایەن پارێزگای دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆکەوە تۆمارکرابوون، دوو سکاڵایان بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ژمارە 6ی ساڵی 2008 بوون و بەدیاریکراوی ماددەی دوو، سکاڵایەکیشیان بەپێی ماددەی 240ی یاسای سزاکانی عێراق بوون کە پەیوەندی بە پرسەکانی سەرپێچیکردنی ئیداری و فەرمانە کارگێڕییەکانەوە هەبوو.
ئومێد بەرۆشکی و بەدەل بەرواری لە رۆژی 19ی ئابی 2020 بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان لە دهۆک دەستگیرکران.
دوای مانەوەی ساڵێک و حەوت مانگ لە زیندان، ئومێد بەرۆشکی رۆژی 22-2-2022 ئازاد کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ