رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە کە ئێستا قوتابییان دەتوانن لەڕێگەی لینکێکەوە ناو و هۆڵی ئەزموونیی خۆیان بناسن و بزانن لە چ قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆیەک تاقیکردنەوە دەکەن.
رۆژی هەینی 17-6-2022، لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی رایگەیاند، "هەموو ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە مافی بەشداربوونیان بەدەستهێناوە لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2021 - 2022 خولی يەکەم [ بەهەموو بەشەکانییەوە] دەتوانن لەڕێگەی ئەم لینکەوە ناو و هۆڵی ئەزموونی خۆیان بناسن و بزانن لە چ قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆیەک تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن."
لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاماژە بەوە دەدات کە پێویستە قوتابییان دڵنیاببنەوە لە ناوی چواری و زمانی خوێندنیان و، دروستی کۆدی ئەزموونەکانیان و تەواوی داتا ئاماژەپێکراوەکان.
هەر بەپێی ئەو ئاگادارییەی بڵاوکراوەتەوە، پرسیارەکان بەگوێرەی ئایین و زمانی خوێندنی قوتابییان دیاریکراوە و "لەکاتی بوونی هەر هەڵەیەک تاوەکو 21-6-2022 پێویستە سەردانی قوتابخانە و پەروەردەی قەزای خۆیان بکەن بۆ راستکردنەوەی هەر هەڵەیەک ئەگەر هەبێت."
لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12 دەشڵێت، لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکان بەرپرسیار نابێت لەبوونی هەر هەڵەیەک لەدوای 21-6-2022 ئاماژەپێکراو.
قوتبییانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان ئێستا کلیک لەم ناوانەی خوارەوە بکەن و ناوەکانتان بدۆزنەوە:
رۆژی 22-5-2022 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خشتەی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 - خولی یەکەم راگەیاندبوو، بەپێی خشتەکە، قوتابییانی 12ی زانستی و وێژەیی رۆژی 27ی حوزەیران تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکات و 25ی تەممووز کۆتایی دێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردووەتەوە، هەر رۆژی 27ی حوزەیران بەشەکانی پیشەسازی، بازرگانی، بەرهەمهێنانی رووەکی، بەرهەمهێنانی ئاژەڵی، بەیتاڵی، گەشتوگوزار، خوێندنی ئیسلامی، نەخۆشیاری و مامانی تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکات و ماوەی یەک مانگ دەخایەنێت.
وەکو لە خشتەکەدا هاتووە، هەر رۆژێکی تاقیکردنەوە بەر پشوو بکەوێت، ناکرێتە پشوو و تاقیکردنەوەکە وەکو خۆی بەردەوام دەبێت. تاقیکردنەوەکانیش رۆژانە کاژێر 07:30 خولەکی بەیانی دەستپێدەکات.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، تاقیکردنەوەی بابەتی پەروەردەی ئێزدیاتی لەگەڵ بابەتی زمان و ئەدەبی کوردی پێکەوە ئەنجام دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ