رووداو - دهۆک
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما، دانیشتووانی گوندی بالەتە لە دهۆک دەستیان کردووە بە کڕینی ئاوی خواردنەوە بە تانکەر، چونکە سەرچاوەی ئاوی گوندەکە، کانییە، بەڵام ئاوەکە وشکی کردووە و ناچارن بە تانکەر بیکڕن. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە 10 ساڵی رابردوودا ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگاکە نزیکە 30 مەتر داکەوتووە.
سەعید سلێمان، موختاری گوندەکەیە و بە رووداوی گوت، "لەگەڵ ببێتە مانگی شەش تاوەکو مانگی حەوت، ئاو وشک دەبێت، بۆیە بە تانکەر ئاو دەکڕین، جا تانکەر هەیە بە 20 هەزار، هەیە بە 60 هەزار، چونکە تانکەری گەورە گرانە."
هێشتا دەستپێکی وەرزی گەرمایە، بەڵام شەش بیر لە سنووری دهۆک وشکیان کردووە کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی گوندەکان بوون، هەروەها زیاتر لە 40 بیریش ئاستی ئاوەکانیان داکەوتووە کە زۆرترینیان لە قەزاکانی بەردەڕەش و سێمێلن.
جەمبەلی حەجی، کاسبکارە و دەڵێت، "لە گوندەکان ژیان پەیوەستە بە ئاوەوە، ئاژەڵمان هەیە، مریشک هەیە، هەموو ئیشەکانمان لەسەر ئاون."
بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا ملیارێک و 100 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کردووە.
خەڵات ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری دهۆک باس لەوە دەکات، "نەمانهێشتووە قەیرانی ئاو رووبدات بەو قەبارە گەورەیە، نەماهێشتووە خەڵکانێک بە بێ ئاو بمێنن، بەردەوامیش کاری لەسەر دەکەین کە ئەم کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بێت."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە 10 ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 30 مەتر داکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ