وەزارەتی بەرگریی تورکیا: شەڕ دژی یەپەگە بەردەوامە

17-07-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، "خەبات"یان دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەردەوامە و داوا دەکات ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر سووریا بهێنێت.
 
زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی وەزارەتەکە کە لە باره‌گای فەرماندەیی هێزە تایبەتەکان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر سووریا کرد و رایگەیاند: "ئیسرائیل کە بە هەڵوێستێکی بێ باک و سنوورنەناسانە هەموو ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری و ئاژاوە دەبات، دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە هەوڵە هێرشکارییەکانی بهێنێت."
 
سەرچاوەکانی وەزارەتەکە رایانگەیاند، لە هێرشەکاندا زیان بە یەکە و کارمەندانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سووریا نەگەیشتووە و ئاماژەیان بەوەدا: "هێرشەکان هاندانێکن دژی یەکگرتوویی و تەواوی خاکی سووریا".
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی وەزارەت رایانگەیاند، خەباتیان دژی پەکەکە/یەپەگە کە پێکهێنەری سەرەکیی ھەسەدەیە، بەردەوامە.
 
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ھێزە چەکدارەکانی تورکیامان بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی وڵاتەکەمان و رێگریکردن لە دروستکردنی رێڕەوی تیرۆر لەسەر سنوورەکانمان، خەباتێکی یەکلاکەرەوە دژی ئەو توخمە تیرۆریستییانە بەردەوام دەکات کە لە باکووری سووریان".
 
سەرچاوەکان جەختیان لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتی سیاسی کردەوە و رایانگەیاند: "پرۆسەی یەکخستنی نێوان حکومەتی نوێی سووریا و رێکخراوی تیرۆریستی ھەسەدە و ئەو پێکدادانانەی لەم دواییەدا روویانداوە، بە وریایی و هەستیارییەوە چاودێری دەکرێن".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە