رووداو دیجیتاڵ
هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی "هیتلەر" لەکاتی گەورەبوونیان لە گەڕەک و شارەکەی خۆیان بەدوای دۆزینەوەی هاوبەشێکی ژیان گەڕاون، بەڵام ئەو گەنجەی سلێمانی کە ناوی خۆی ناوە "هیتلەر چوارباخی"، چارەنووسی خۆی لە نیپاڵ دۆزیوەتەوە و ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئانیتا پێکهێناوە. دەشڵێت، "ئەوەندەم خۆشدەوێت، داوای چاوم بکات دەیدەمێ".
گەنجێکی گەڕەکی چوارباخی سلێمانی کە هەر لەو گەڕەکە گەورەبووە، ناوی خۆی ناوە "هیتلەر"، دەڵێت، "ئەوەش نهێنییەکی خۆی هەیە و بۆ کەسی نادرکێنم". لەگەڵ کچێکی خەڵکی نیپاڵ کە ئایینی بوزی بووە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە. ئەو گەنجە چیرۆکی خۆی بۆ رووداو باسکرد.
نزیکەی چورا ساڵ لەمەوبەر ئەو گەنجەی سلێمانی بەهۆی کارێکی تایبەتەوە دەچێتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لەوێ ئەو کچە دەبینێت و دواتر لەڕێگەی هاوڕێیەکییەوە لە فڕۆکەخانە ناونیشانی پەیدا دەکات و قسەی لەگەڵدەکات. گوتی، "سەرەتا کە هەستی خۆم بۆی دەربڕی زۆر قورس بوو بۆ ئەو باوەڕ بە کەسێکی وەکو من بکات. بەڵام من کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم لە دەربڕینی خۆشەویستیی خۆم بۆی".
گەنجەکەی سلێمانی کە خۆی ئەوکات تەمەنی 21 ساڵان بووە، سێ ساڵی دەوێت تاوەکو دڵی ئانیتا لامای تەمەن 21 ساڵان بەدەستدەهێنێت، بەڵام ئەوە تەنها بەربەستی بەردەمی نابێت، بەوپێیەی ئایینی ئەو دوو گەنجە جیاواز بووە و خێزانەکانیان بەو پەیوەندییە رازی نەبوونە بەربەست و ناخۆشیی زۆر رووی تێکردوون، دەڵێت "چونکە من درۆم لەگەڵی نەکرد و راستگۆ بووم، هەموو شتێک بەباشی کۆتایی هات".

ئەو بەربەست و جیاوازییانە وادەکات "هیتلەر" 12 جار دەچێتە خوازبێنی ئانیتا ئینجا رازی ببن، دەڵێت، خێزانەکەی ئانیتا تێڕوانینێکی خراپیان بەرامبەر موسڵمانان و ئیسلام هەبوو و بە "داعش" تێگەیشتبوون، "بەڵام دوای ئەوەی من بۆم روونکردنەوە، تێگەیشتنیان گۆڕا. ئێستا خەسووم منی لە هەردوو زاواکەی دیکەی زیاتر خۆشدەوێت".
"هیتلەر" دووکانی مۆبایلی هەیە و لەو رێگەیەوە بژێویی ژیانی پەیدا دەکات، دوای ئەوەی ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، ئانیتا واز لەکار دەهێنێت و ئێستا بووەتە ژنی ماڵەوە.
ئەو گەنجەی سلێمانی پەیامی بۆ گەنجانی دیکەش هەیە، کە هەر کارێک دەکەن بە راستگۆیی بیکەن، "بەوشێوەیە دەتوانن بگەنە ئامانج". دەڵێت، ژیانکردن لەگەڵ کولتوورێکی دیکەدا جیاوازە، "بەڵام من قسەی خەڵک بەلامەوە گرنگ نەبوو و گرنگیم بە خۆشبەختی خۆم دەدا".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ