مەسرور بارزانی بۆ هاونیشتمانییان: سوپاس کە متمانەتان بە حکومەتەکەتان لەدەست نەدا

17-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڕیاری خەرجکردنی 700 ملیار دینار بۆ هەر مانگێک و بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ مووچەی مووچەخۆران لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "توانیمان بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بگەینە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتییان."
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە پشتبەستن بە خوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بگەینە رێککەوتنێکی گونجاو، بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتییان."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاونیشتمانییان دەکات بۆ "پشوودرێژی" و "خۆڕاگرییان" کە "متمانەیان بە حکومەتەکەی خۆیان لە دەستنەدا." هەروەها سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات، "کە پاڵپشت و رێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبوون بەسەر کۆسپەکاندا."
 
مەسرور بارزانی بۆ سوودانی: هیوادارین ئەمە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی گشت کێشەکان
 
لەدوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد؛ بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دابنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
مەسرور بارزانی، هاوکات "هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور و رێککەوتنەکان." 
 
هەرێمی کوردستان "هەموو بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ کردووە" 
 
رۆژی 13-09-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەرپرسیاریەتییەکی لەسەر بووە، لە ماوەی پێش یاسای بودجە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەوپەڕی شەفافییەتەوە لەگەڵ لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوتی کردووە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئێمە هەموومان هەوڵمان داوە. سەرۆکوەزیرانی خۆمان بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە. خۆم بەردەوام لەسەر هێڵم. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە، پرسێکی رەوایە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ نابێت پرسی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت."
 
لەبارەی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "سوپاس بۆ پاڵپشتی و رۆڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ."
 
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە کە "پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بەبێ ماندووبوون و بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسیارێتی، توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەرکەون." دەشڵێت، "بە پشتیوانیی خوای گەورە، بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی خوشەویست و رێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن."
 
هەرێمی کوردستان، بۆ مووچە مانگانە پێویستی بە 920 - 940 ملیار دینارە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش، پشت بە داهاتی نێوخۆ دەبەستێت، کە مانگانە نزیکەی 300 ملیار دینارە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری دارایی عێراق راسپێردراوە بۆ نووسراوکردن بۆ بانکەکانی رەشید و رافیدەین بۆ دابینکردنی پارەکە و چاوەڕوان دەکرێت لە سبەینێوە رێکارەکان دەستپێبکەن و وەزارەتی دارایی نووسراوەکە بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.