رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن، هەڵبژاردنی ئەمجارە خاوێنترین بووە لەدوای ساڵی 2003وە ئەنجامدرابێت. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش دەڵێت، نابێت بۆچوونی حیزبەکان لەبارەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا هاوشێوەی ساڵی 1992 بێت.
سەلاحەدین بابەکر: ئەنجامی هەڵبژاردنەکە تووشی شۆکی نەکردین
سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تووشی شۆکی نەکردن، چونکە پێیان وابوو ئەو شەش کەسەی بەربژێریان کردبوو دەکرێت سەربکەون.
سەلاحەدین بابەکر لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، 10 رۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە و لەمیانی بەشداریکردنی لە بوولتەنێکی هەواڵەکانی رووداودا رایگەیاند، موسەننا ئەمین، بەربژێری یەکگرتوو لە سنووری هەڵەبجە و جەمال کۆچەر، بەربژێری یەکگرتوو لە سنووری شاری دهۆک و ئامێدی بە دەنگی یەکەم سەردەکەون و بانگەشەی باشیش دەکەن بۆئەوەی دوو بەربژێری دیکەشیان سەربکەون.
لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە، ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمجارە کۆی پرۆسەکە جیاواز بوو؛ لەسەر بنچینەی یاسایەکی نوێ جێبەجێ کرا؛ ستافی کۆمیسیۆن نوێ بوون؛ ئامێرەکانی دەنگدان نوێ بوون، ستافێکی پڕۆفیشناڵ کاری دەکرد؛ هەربۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە پاکترین هەڵبژاردن بووە لە ساڵی 2003وە لە عێراق کرابێت".
جەعفەر ئیمنکی: لێکۆڵینەوە لە کەمبوونی ژمارەی دەنگەکانمان دەکەین
یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی پرۆگرامەکە بریتی بوو لە جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە کەمبوونی ژمارەی دەنگەکانیان دەکەن.
جەعفەر ئیمنکی گوتی، هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاکترین و بێگەردترین پرۆسە بووە لە ساڵی 2003وە ئەنجامدرابێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هێندەی ئەوان ئاگاداربن دەستوەردانی دەرەکی لە پرۆسەکەدا نەبووە، چونکە ئەوانیش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ستافی خۆیان ناردە بەغدا بۆئەوەی لە دوایین ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان ئامادەبن و رایشیگەیاند، "سیستەمەکە نوێ بوو؛ هەر لە سەرەتاوە ترسمان هەبوو، ئەو ترسەش تاوەکو کۆتایی بەردەوام بوو، بەڵام چاودێر و بریکارەکانمان لەسەر سندووقەکان هەبوون و راپۆرتەکانیشیان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەستەمە ساختەکاری بکرێت".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد، لەم سیستەمی نوێی هەڵبژاردنەدا ئەوەی گرنگە بازنەی هەڵبژاردنە و حیزبەکانیش سەرنجیان لەسەر بازنەکان و کورسییەکان دەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد، ستراتیژیەتێکی باشیان پەیڕەو کرد، بانگەشەیەکی سەرکەوتوویان کرد و ئەنجامێکی باشیشیان بەدەستهێنا.
لەبارەی کەمبوونی ژمارەی دەنگەکانی پارتی، جەعفەر ئیمنیکی گوتی، وەکو حیزب لەسەر ئەو بابەتە دەوەستن، لێی ورد دەبنەوە، لێکۆڵێنەوە دەکەن و لیژنەیەکی باڵاش پێکهێندراوە بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات و "دەنگمان لە ئاستی پێویستدا نییە، نە لە سلێمانی، نە لە هەولێر و نە لە دهۆک".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، کێشەی تەکنیکی کاریگەریی لەسەر بەشداریکردنی کەمی دەنگدەر هەبوو، بەڵام نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت کە مامەڵەی هاونیشتمانیانیش زۆر گۆڕاوە، "چونکە جاران هاووڵاتی بە ئاسانی بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا دەکرد، بەڵام ئێستا دەبێت وێنە گشتییەکە ببینێت و چیدیکە بە وێنە بچووکەکە رازی نییە؛ هەروەها هۆکاری میدیاییش زۆرە. تۆڕی کۆمەڵایەتی کاریگەریی خۆی هەیە و بە جۆرێک بابەتەکە شێوێندراوە کە هاووڵاتی بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکات یان نەیکات هیچ جیاوازییەکی نییە".
جەعفەر ئیمنکی گوتی، چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد 30 کورسی تاوەکو 33 کورسی بەدەستبهێنن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەیانزانی دەرفەتی ئەوەیان هەیە لە نەینەوا کورسی زیاتر ببەنەوە و لە کەرکووکیش کورسی بەدەستبهێنن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک ئۆرگانیش راپرسییان لە کوردستان دەکرد و ئەنجامی راپرسییەکەشیان بەو جۆرە بوو کە نەوەی نوێ 9 کورسی و هاوپەیمانیی کوردستانیش 16 کورسی بەدەستدەهێنن و ئەنجامەکەش بەو جۆرە بوو.
لەبارەی بەدەستنەهێنانی هیچ کورسییەکیش لەلایەن بەربژێرەکانی گۆڕانەوە جەعفەر ئیمنکی قسەی کرد و بۆچوونی وایە کە "هەڵەی یەکەم پەیوەندیی بە هاوپەیمانییەوە بوو؛ بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکهێنانی هاوپەیمانی پێویست بوو، بەڵام بۆ ناو هەرێمی کوردستان هەبوونی هاوپەیمانی پێویست نەبوو، چونکە زەحمەتە دەنگدەری گۆڕان دەنگ بە بەربژێری یەکێتی و دەنگدەری یەکێتیش دەنگ بە بەربژێری گۆڕان بدەن؛ هاندانەکە زەحمەتە. هەروەها لەم سیستەمەدا دیاریکردنی بەربژێر گرنگە، نەوەک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو بۆ هەموو لایەک".
شاڵاو عەلی عەسکەری: بۆچوونی خەڵک گۆڕاوە
هاوکات شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، هەندێک هەڵەی تەکنیکی وایکرد کە لە هەندێک بازنەدا دەنگەکانیان بسووتێن و ئاماژەی بەوەش کرد، 'گەشبینین بە ئەنجامەکە، هەرچەندە گلەییمان لە هەندێک شوێن هەیە، بەڵام ئەو گلەییانەش رێڕەوی یاسایی خۆیان هەیە و یاساش ساخیان دەکاتەوە. لەو شوێنانەی گلەییمان هەیە تانەمان تۆمارکردووە و یاساش لەو بوارەدا بڕیار دەدات؛ یان ئەوەیە راستمان کردووە یان راستمان نەکردووە و ئەو لایەنەش سەربکەوێت، پیرۆزبایی لێدەکەین، ئیدی ئەگەر خۆمان بین یان هەر لایەنێکی دیکە".
شاڵاو عەلی عەسکەری گوتی، دەزگای هەڵبژاردنیان باشە، بەڵام "داننان بە شتی راستدا هەڵە نییە و پارتی لە ئێمە وردتر بوو. هەروەها پارتی شانسی زیاتری هەبوو، بەتایبەتی لە موسڵ کە ژمارەیەکی زیاتر لە بەربژێرەکانیان سەرکەوتن".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانیش قسەی کرد، پێیوانییە دەنگدەری ئەو بزووتنەوەیە کەمیکردبێت و گوتی، "پێموایە گۆڕان بزووتنەوەیەکی پتەوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە پێویستی بە وردەکاری و تەکنیکی زیاتر بوو؛ هاوئاهەنگیی زیاتری هەموولایەکی دەویست؛ ئێمەش ئەو هەڵەیەمان کرد کە نەمانتوانی کاندیدی زیاتر سەربخەین؛ گۆڕانیش هەڵە تەکنیکییەکە زیاتر بەرۆکی گرتن، نەوەک ئەوەی کە شتێکی سیاسی بێت".
شاڵاو عەلی عەسکەری گوتیشی، پێیانوابوو دۆخی نێوخۆی حیزبەکەی کاریگەریی زیاتری لەسەریان دەبێت، "ئێمە براوەین، نەوەک دۆڕاو. ئەوەی کە پەیوەندیی بە دەنگ کەمکردنیشەوە هەیە، پێموایە ئێستا دۆخەکە بووەتە دۆخێکی سرووشتی. لە ساڵی 1992دا هەموو خەڵک بەش ببوو بەسەر پارتی و یەکێتی و بەشێکی کەمی لایەنی دیکە. میللەت نابێت هەمووی سیاسی بێت. دەبێت خەڵکێک هەبێت لە نێواندا بێت و دەنگ بەو کەس و لایەنانە بدات کە کاری باشتر دەکەن و پلانی باشتریان هەیە. هەربۆیە ئێستا کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ئاساییە لەو بوارەدا و هەمووی حیزبی نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ