سۆسیال دیموکراتی کوردستان: لە هەڵبژاردن شکستمان هێنا

17-11-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دان بە شکستی خۆیدا دەنێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا. گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێت: فەرامۆشکردنی دەنگەکانمان لە دەنگدانی تایبەت لەلایەن میدیاوە، کاریگەربوو بۆ ئەوەی لە دەنگدانی گشتیدا دەنگمان کەم بکات".

فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگەکانمان لە ئاستی پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەکەمان نەبوو، کاتێکیش دەنگمان لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان نییە، دان بە شکستدا دەنێین و پێویستمان بە بەخۆداچوونەوەیە."
 
رۆژی یەکشەممە، 16.11.2025، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، راوێژکاری، چاودێری، بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حاجی مەحموود کۆبووەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، محەممەد حاجی مەحموود، باسی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و لێکەوتەکانی کردووە کە حیزبەکەی نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی کورسی بەدەستبهێنێت.
 
محەممەدی حاجی مەحموود، ئەنجامەکانی بە "شکست بۆ حیزب و گشت هەڤاڵان" ئەژمارکردووە. بۆیە بڕیاردرا بە گۆڕانکاری لە دەزگا و ئۆرگانەکانی حیزب و داڕشتنەوەی پەیکەری رێکخستنی مەکتەب و مەڵبەندەکان لەسەر تەرزێکی نوێ.
 
فەرهاد تۆفیق، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەرلیستی حیزبەکەی بوو لە بازنەی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات، لە سلێمانی دەنگیان کەمی کردووە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک زیادی کردووە. 
 
لەبارەی هۆکارەکەشی دەڵێت: "لە سلێمانی بایکۆت و بێهیوایی خەڵک زۆر بوو، هەروەها میدیا هاوکارمان نەبوو، فەرامۆشکردنی دەنگەکانمان لە دەنگدانی تایبەت لەلایەن میدیاوە، کاریگەربوو بۆ ئەوەی لە دەنگدانی گشتیدا دەنگمان کەم بکات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە