نرخی رام و هارد درایڤ لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە

17-11-2025
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی رام و هارد درایڤ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی بازاڕە جیهانییەکان، بە رێژەی 50% بۆ 200% بەرزبووەتەوە. بازرگانان هۆکارەکەی بۆ خواستی زۆری کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد دەگەڕێننەوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو بەرهەمانە لە بازاڕدا.
 
موسڵیح حەمەد عەلی، بازرگانی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی هارد و رام لە بازاڕی کوردستان و بازاڕی جیهانی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبوونەوەیەکی ئێجگار زۆری بەخۆیەوە بینیوە."
 
بە گوتەی ئەو بازرگانە، سێ کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنەری رام و هارد درایڤ لە جیهاندا کە بریتین لە سامسۆنگ، ئێس کەی هاینیکس و مایکرۆن. بەرهەمەکانیان زیاتر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کەرتی ژیریی دەستکرد تەرخان کردووە. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی بازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستان داناوە.
 
 
باسی لەوەش کرد، "بۆ نموونە، نرخی رامێکی 8 گێگابایتی (DDR4) کە سێ مانگ لەمەوبەر لەنێوان 12 بۆ 13 دۆلار بوو، ئێستا گەیشتووەتە 34 دۆلار. هەروەها نرخی جۆرێکی دیکەی رام لە 160 دۆلارەوە بۆ 340 دۆلار بەرزبووەتەوە. نرخی هارد درایڤ نزیکەی 50% زیادی کردووە و نرخی لاپتۆپیش لەنێوان 15% بۆ 20% بەرزبووەتەوە، بەڵام بەهۆی بوونی ستۆکی کۆن لە بازاڕدا، کاریگەرییەکە هێشتا بەتەواوی دەرنەکەوتووە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، ساڵانە بە بەهای نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار هارد دیسک، رام و گرافیک کارد هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 
 
ژیریی دەستکرد، بوارێکی تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەرە ئامانجی دروستکردنی ئامێر و سیستمی زیرەکە، بە شێوەیەک کە توانای بیرکردنەوە، فێربوون، شیکردنەوەی داتا و وەڵامدانەوەی هاوشێوەی مرۆڤی هەیە. سیستەمەکانی AI بۆ کارکردن پێویستییان بە بڕێکی زۆر لە رام (بۆ بیرگەی کاتی) و هارد درایڤی خێرا (بۆ پاشەکەوتکردنی داتا) هەیە.
 
رۆژانە لە جیهاندا ملیۆنان کەس بۆ کاروباری رۆژانەیان ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن.
 
کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک TSMC، سامسۆنگ، ئینتێڵ، ئێس کەی هاینیکس و مایکرۆن، رۆڵی سەرەکییان هەیە لە دابینکردنی ئەو چیپ و بیرگە ئەلیکترۆنییانەی کە بۆ سیستەمەکانی AI پێویستن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە