رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، وردەکاریی کۆبوونەوە باڵاکەی بارەگای بارزانی بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و شاندی ئەمریکی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمریکا و هاوپەیمانان جیدیین لە پاراستنی رۆژئاوای کوردستان. هاوکات لەبارەی دۆخی ناوخۆوە هۆشداری دەداتە لایەنەکان و دەڵێت: "نزیکبوونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت ئاڵۆزتر دەکات و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یەکێکە لە بژاردەکان".
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ لە بارەگای بارزانی بەڕێوەچوو، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەری سەرۆک مەسعود بارزانی بووە و تێیدا هەریەک لە تۆم باراک، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و محەمەد ئیسماعیلم سەرۆکی ئەنەکەسە ئامادەبوون.
گەرەنتییەکانی ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان
بەگوێرەی قسەکانی سیوەیلی، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای فورات و دابینکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری ئایندەی سوریادا.
سیوەیلی دەڵێت: "ئەمریکا جیدییە لەوەی سنوورێک بۆ ئەو شەڕ و کوشتارە دابنێت. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت پارێزگاری لە رۆژهەڵاتی فورات بکرێت."
ئاماژەی بەوەشدا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بڕیاریان داوە لە رۆژئاوای فورات بکشێنەوە و تەواوی سەرنجیان بخەنە سەر پاراستنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات.
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "لەو بڕوایەدا نین سوپای سوریا هەوڵی پەڕینەوە بدات، بەڵام ئەگەر نیازێکی وا هەبێت، ئەمریکا و فەرەنسا هەڵوێستیان دەبێت."
هاوپەیمانی نوێی یەکێتی و نەوەی نوێ
لە تشرینی یەکەمی 2024ەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێندراوە. سیوەیلی گوتی: "دۆستەکانمان لە دەرەوە بە راشکاوی پێمان دەڵێن پێویستە حکومەت بەزووترین کات پێكبھێنرێت، بەڵام بەداخەوە یەکێتی لەجیاتی ئەوەی بەجدی بێتە پێشەوە، خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانییە لەگەڵ نەوەی نوێ، ئەمەش پرۆسەکە ئاڵۆزتر دەکات و دوایدەخات نەک ئاسانکاری."
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو دوو لایەنە دەتوانن ببنە بەربەست یان حکومەت پێكبهێنن، سیوەیلی رایگەیاند: "بەبێ پارتی ئەستەمە حکومەت پێكبھێنرێت، تەنانەت ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ (38 کورسی) بەشی ئەوە ناکات نە حکومەت پێكبهێنن و نە ببنە ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر، چونکە تاوەکو حکومەت دروست نەبێت ئۆپۆزیسیۆن بوون واتای نییە."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی جیدی داوە بۆ پێکهێنانی حکومەت و تەنانەت پێش هەڵبژاردنەکانیش لەسەر "دیدگای حوکمڕانی" لەگەڵ یەکێتی رێککەوتبوون و واژۆیان کردبوو، بەڵام یەکێتی پابەند نەبووە.
سەبارەت بە چارەسەری بنبەستی سیاسی، سیوەیلی هۆشداری دا کە دۆخەکە بەم شێوەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابێت و گوتی: "خۆ ناکرێت بۆ چەند ساڵێک چاوەڕێ بکەین، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یەکێکە لەو بژاردانەی لەبەردەم لایەنە سیاسییەکاندا هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ