رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هاوبەشی حکومەت و پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزیری دادی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە پەلاماردانی جووتیارانی کورد لەلایەن سوپای عێراقەوە سەردانی کەرکووک بکات.
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: سێشەممە 18ـی شوبات شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی دادی عێراق سەردانی کەرکووک دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرش و پەلاماردانەی لەلایەن سوپای عێراقەوە کرایە سەر جووتیارانی کورد.
گوتیشی: بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق شاندەکە پێکهێنراوە و نوێنەرانی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاوەرییان دەکەن و بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان لەبارەی ئەو پەلاماردانەی رۆژی دووشەممەی چەند سەربازێکی سوپای عێراق دژی جووتیارانی کورد کۆدەکەنەوە.
نوێنەرەکەی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەشکرد یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، هەرچەندە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام سەرۆککۆمار پەسندی کردووە و پابەندکەرە.
دەشڵێت: پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و دوابەدوای بڵاوکردنەوەشی لە رۆژنامەکە گوشار لە حکومەتی عێراق دەکەین تاوەکو رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات و ئەم کێشانە بەپێی یاسا چارەسەر بکرێن.
رۆژی 21-01-2025، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و سێ پرۆژەیاسای هەستیار پەسند کران، کە یەکێک لە پرۆژەیاساکان (پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان) بوو و بەپێی ئەو یاسایە کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان پاڵپشتییان دەکرد بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعس هەڵدەوەشێنەوە لەبارەی داگیرکردنی زەوییە داگیرکراوەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک، بەوپێیەش زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی داگیرکراو لە کەرکووک دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە جووتیارانی کورد و تورکمانن.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان قسەی بۆ رووداو کرد؛ ئەو جووتیارە کوردە لە پشێوییەکانی سەرگەڕان سەربازێک ملپێچەکەی ملی رادەکێشێت و ئازاری دەدات. وێنەکەی لە سۆشیاڵ میدیا دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بە ئەندازەیەک کە سەرۆک بارزانی و حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەیاننامەی نارەزاییان دژی ئەو هێرشە بۆسەر جووتیارانی کورد بڵاوکردەوە و دواتریش وەکو پێزانین بۆ رۆڵی بەردەوامی رووداو لە پاڵپشتیی و گەیاندنی دەنگی جووتیارانی کورد ملپێچەکەی پێشکەشی رووداو کرد.
ئەو جووتیارە کوردە گوتی: ئێمە 48 کاژێر وادە دەدەینە حکومەت و لایەنە پێوەندیدارەکانی عێراق تاوەکو کێشەی جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان و ناوچەکانی دیکەی کەرکووک چارەسەر بکەن.
گوتیشی: تاوەکو 48 کاژێری دیکە کار لە زەوییەکانمان ناکەین، بەڵام دوای ئەو وادەیە دەچینەوە سەر زەوییەکانمان و بە هیچ جۆرێک رێگە نادەین سوپای عێراق ئامێرە کشتوکاڵییەکانمان بەرێت و رێگریی بکات لە کارکردنمان لە زەوی خۆمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ