رووداو دیجیتاڵ
گۆڕینی بیرۆکەکان بۆ پڕۆژەی کاریگەر و گرنگیدان بە پەرەپێدانی هێزی کار و سامانە نێوخۆییەکان، تەوەرە سەرەکییەکانی دووەمین کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار بوون کە لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو.
لە کۆڕبەندەکەدا کە کەسانی شارەزا و خاوەن بڕیار لە ئاستی وەزارەت و زانکۆکانی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد، پاڵپشتیکردنی خوێندکاران و خاوەن پڕۆژەکان لەڕێگەی سەنتەرەکانی راهێنانەوە خرانە بەرباس.
د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران دەڵێت: "ئەم ساڵ بڕیارماندا تەوەرە سەرەکییەکەی کۆڕبەندەکە ئەوە بێت کە چۆن دەتوانین ئەو تێگەیشتنە لای تاک و دەرچووانی زانکۆ دروست بکەین کە دوای دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە، لە چوارچێوەی پسپۆڕییەکەی خۆیاندا ببن بە کارساز و خاوەن بزنسی خۆیان."
لە ساڵی 2015ـەوە لە زانکۆی سۆران، بەشێکی تایبەت بۆ پاڵپشتیکردنی بیرۆکە کاریگەرەکان و دەستگرتنی خاوەنەکانیان کراوەتەوە.
روەیدا فەرمان، خوێندکاری زانکۆیە و بە پاڵپشتیی سەنتەری راهێنانی زانکۆکەی بووەتە خاوەن کاری خۆی، دەڵێت: "سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆ ئەگەر بە ماددیش هاوکار نەبێت، بە مەعنەوی هاوکارە، بۆیە ئێمەش دەستمان بە بزنسی خۆمان کرد کە تۆت باگ دەفرۆشین، بزنسێکی بچووکمان داناوە و کڕیاری خۆمان هەیە."
د. هۆگر عەلی رەسوول، راوێژکار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت، "لەڕێگەی سیستمی پەروەردەوە هەوڵمانداوە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، سیستمێک دابنێین کە هەموو ئەو خوێندکارانەی بڕوانامە بەدەست دەهێنن، بتوانن لە بازاڕی کاردا جێگەیان ببێتەوە."
کۆچەر ئازاد، بەڕێوەبەری سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا جەخت لەوە دەکاتەوە "دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان بە بەردەوام سەرقاڵی گۆڕانکاری بن لە پڕۆگرامەکانی خوێندنیان." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ سەرپەرشتیکردن و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەموو زانکۆکانی کوردستان.
لە هەرێمی کوردستان 20 زانکۆی حکومی و 17 زانکۆی تایبەت هەن، خەمی لەپێشینەی هەر 37 زانکۆکە و نزیکەی 40 هەزار دەرچووی ساڵانەیان، دۆزینەوەی هەلی کارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ