رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، بەستەڵەکی نێوان یەکێتی و پارتی تواوەتەوە و گفتوگۆکان پێشوەچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە. ئاشکراشی دەکات یەکێتی بە نوێنەرایەتیی هاوپەیمانەکانی، لەنێویاندا جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دانوستاندن لەگەڵ پارتی دەکات.
بێستوون فایەق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "ئاراستەی گفتوگۆکان و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و لە قۆناخێکی نوێدان. وردە وردە بەو ئاراستەیە رۆیشتووین کە هەردوو پرسی پۆستی سەرۆککۆمار لە بەغدا و پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکەڵ ببن و بکرێنە یەک پاکێج".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان هەردوو حیزب، بێستوون فایەق بە رووداوی گوت: "لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە لە ئاستی باڵادا دەکرێت و بڕیار وایە کاک مەسعود و کاک بافڵ و مەکتەبی سیاسیی هەردوولا بەشداربن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پەیوەندییەکان بەرەو باشبوون دەچن."
راوێژکارەکەی سەرۆکی یەکێتی گوتی: "یەکێتی دۆست و هاوپەیمانەکانی بەجێناهێڵێت. کاتێک دەچێتە دانوستاندن لەگەڵ پارتی، بە نوێنەرایەتیی ئەو هاوپەیمانێتی و بەرەیە دەچێت کە پێکەوەن، جا نەوەی نوێ بێت یان لایەنی دیکە."
سەبارەت بەوەی کە پێشتر نەوەی نوێ هەڵوێستی تووندی هەبووە و ئێستا لەگەڵ یەکێتی لە یەک بەرەدان، بێستوون فایەق رەتیکردەوە ئەمە بابەتێکی "نائاسایی" بێت و رایگەیاند: "ئەمە حاڵەتێکی نۆڕماڵی سیاسییە. دوو هێزی سیاسی لە قۆناخێکدا روئیایان بۆ ئیدارەدان و پرۆژەی خزمەتگوزاری لەیەک نزیک دەبێتەوە. کاتی خۆیشی بزووتنەوەی گۆڕان دوای ململانێیەکی تووند لەگەڵ پارتی، چوونە حکومەتەوە. بۆیە ئەمە نە تاوانە و نە لادانی سیاسییە."
بێستوون فایەق جەختیشی کردەوە دواکەوتنی رێککەوتنەکان تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو بەشێکی پەیوەندی بە بنبەستی سیاسیی نێوماڵی شیعە و یەکلانەبوونەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە هەیە، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خێرایی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ