رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە هەردوو پارێزگای دیلۆک و سەمسووری لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیاش هۆشداری دەدات و پێشبینی دەکات، ئەمشەو بارانی بەلێزمە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو.
هەر بەهۆی ئەم بارانەوە، ئاو چووەتە ناو کەمپی خێوەتەکانی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات لە دیلۆک. تیمەکانی گەورەشارەوانیی دیلۆک دەستیان بە چۆڵکردنی بەشێکی زۆری کەمپەکە کردووە، بەهۆی ئەوەی ئاو تێیدا کۆبووەتەوە و دەیانەوێت بەر لە رووداوی نەخوازراو بگرن.
بارانی بەلێزمە کاریگەریی لەسەر پارێزگای سەمسووریش هەبووە. بەهەمانشێوە لە نیوەشەوی رابردووەوە، ئاستی ئاو لە ژمارەیەک شەقام و کۆڵان کۆبووەتەوە و زیانی بە رێگای هەشت گەڕەک و یەکەی نیشتەجێبوون گەیاندووە.
تیمەکانی شارەوانی ئاوەڕۆکانیان پاککردووەتەوە. شارەوانیی ئەم پارێزگایە بەردەوام لە رێگەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنە لۆکاڵییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشداری لافاو دەدات و ژمارەی تایبەتی هێڵی گەرم بڵاودەکاتەوە.
بەهەمان شێوە لە پارێزگای کیلیس، دوای باران بارینێکی زۆر، تەرزەیەکی بەرچاو باری. دانیشتووانی ئەم پارێزگایە ئۆتۆمبێلەکانیان بە بەتانی و کارتۆن داپۆشی بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی دەکات، بارانبارین لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا تاوەکو رۆژی 22ـی مانگ بەردەوام بێت.
هەروەها فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخی لەناکاو (ئافاد) داوا لە هاونیشتمانیان و هاووڵاتییان دەکات لە ئەگەری روودانی لافاو و کێشەی هاتووچۆی رێگاکان، ئاگاداربن.
لە رۆژی 14ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە ناوچەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بارانبارینەکە لە دیلۆک و سەمسوور لافاوی دروستکرد و بەو هۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ