رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتی فەرمیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تارانە.
دوێنێ شەممە، 17ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و ئەمڕۆ یەکشەممە بەشداریی لە کۆڕبەندی دیداری تاران دا کرد و لە پانێلێکدا قسەی لەسەر دۆخی ناوچەکە و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و هەولێر و تاران کرد.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران بەردەوام دەبن. لە دیدارەکاندا گفتوگۆ لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کرا."
دڵشاد شەهاب لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە تاران گوتی: "لە دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران گفتوگۆ لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کرا."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە ئەنتاڵیا گوتی: "نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کردوەتەوە، بە تایبەتی کورد."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش قسەی کرد: "لایەنی دەوڵەتی تورکیا و لایەنی کوردیش چاوەڕوانییان لە رۆڵی هەرێمی کوردستان هەیە لەو پرۆسەیەی لە تورکیادا دەستی پێکراوە."
هاوکات، باسی لەوە کرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "پشتیوانی ئەو هەنگاوانە دەکات لە تورکیا دەنرێن. سەقامگیری نە بە شەڕ و نە بە نکۆڵیکردن لە گەلێک لەم ناوچەیە دروست نابێت."
دەقی قسەکانی دڵشاد شەهاب
دوای بەشداریکردنی جەنابیان [نێچیرڤان بارزانی] لە هەندێک لە چالاکییەکانی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا، دوێنێ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران و بە گەرمی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازیی لێکرا. بەشداریکردنەکە لەسەر بانگهێشتی بەڕێز [عەباس]عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بوو، بۆ بەشداریکردن لە دیالۆگی تاران کە ئەمە چوارەمین جارە رێکدەخرێت و سەنتەری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕێوەی دەبات.
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیدارێکی تایبەتی هەبوو کە لەلایەن بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وەکو گفتوگۆیەکی دوو قۆڵی بەڕێوەچوو، تێیدا گفتوگۆیەکان زۆر دۆستانە و کراوە بوون.
هەڵبژاردنی ئەوەی کە جەنابیان [نێچیرڤان بارزانی] بە زمانی فارسی قسە بکات، زیاتر ئەو دۆستایەتی و لێکنزیکییە بوو، هەڵبژاردنی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ یەکدی لەسەر ئەو پرسانەی کەوا هاوبەشن لەنێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان و جێی بایەخی هەردوولان، ئەمە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بووە، لە سەردانەکەشدا چەند دیدار و کۆبوونەوە هەبوون و بەردەوامیشن.
رووداو: کارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دووەمی سەردانەکەیدا چی دەبن؟
دڵشاد شەهاب: کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و بەرنامەی سبەی، سبەی پێتان رادەگەیێنین.
پرسیار: دانوستاندنەکان لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە کوێ گەیشتن؟
دڵشاد شەهاب: دیداری ئێمە ئێستا وەکو گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، بۆیە حەزدەکەم پرسیارەکان لەو چوارچێوەیەدا بن.
پرسیار: لە باکوور پەروین بوڵدان، لە رۆژئاوا مەزڵووم عەبدی، لە باشوور نێچیرڤان بارزانی و لە عێراقیش سەرۆککۆمار کوردە، پێت وانییە کە دەرگایەکی دیبلۆماسیی گەورە بە رووی کورددا کراوەتەوە؟
دڵشاد شەهاب: سەرنجێکی جوانە، بەڕاستی ئەو گۆڕانکارییانەی کەوا لە ناوچەکەدا روویانداوە، ئەگەر بە وردی هەڵیان بسەنگێنین و بەراور بە ساڵێک لەمەوبەر یان ئەو دیدارانەی پێشتر رێکدەخران و لەنێویاندا دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پارساڵ کە هاتین بۆ ئێرە [تاران] سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری لەگەڵ رەهبەری ئێران هەبوو، لەگەڵ سەرۆککۆماری پێشوو کۆبووەوە و لەگەڵ لایەنە بەرپرسەکانیش. باسی ئەوەمان دەکرد کەوا چۆن لەبارەی ئەو ئاڵۆزییەی لەنێوانماندا هەبوون بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ئەوەی دڵنیایی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەین بۆ ئەوەی بڵێین هەرێمی کوردستان جێگای هەڕەشە نییە بۆ ئێوە، هەروەها بگەینە لێکتێگەیشتنێک ئەو هەڕەشە و ئاڵۆزییە ئەمنی و هەندێجار عەسکەرییانەی کە روودەدەن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. ئەم ساڵ گفتوگۆ دەکرا لەسەر ئەوەی چۆن گفتوگۆ دیبلۆماسی، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بەڕێوە ببەین.
لە پارەوە تائێستا، گۆڕانکارییەکانی گەورە روویانداوە لە سووریا، هەڵوێستی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیدارەی ئێستای سووریا هەروەها لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا، بەڕێز ئەحمەد شەرع لە ئەنتاڵیا، بەشێکی گرنگی دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لەگەڵ بەڕێز ماکرۆن و وڵاتانی کەنداو، ئەوەیە کە سووریا نوێ (بەپێی ئەزموونی ئێمە لە عێراق)، ئەوکاتە سەقامگیر دەبێت کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت، بەتایبەتی مافی گەلی کورد.
ئەو گۆڕانکارییەی لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە-پرۆسەی ئاشتی، هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان روونە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی ئەم هەنگاوانە دەکەین، تەجروبەی رابردوو سەلماندی کەوا نە بە شەڕی چەکداری و نە بە ئینکاریی هەبوونی میللەتێک سەقامگیری لەم ناوچەیە دروست نابێت. ئەم مەسەلەیە بەرپرسیارێتییەکی دوولایەنەیە، بە نسبەت هەرێمی کوردستان زۆر جێگەی سەرنج و گرنگی پێدانە، کاتێک هەردوولا لە دەوڵەتی تورکیا و لایەنی کوردی چ لە شاندی ئیمراڵی و چ لە نوێنەرانی بەڕێز ئۆجەلان و دەم پارتی، هەمووان رازین یاخود چاوەڕوانییان لە رۆڵی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمە خۆی ئاماژەیەکی زۆر گرنگە. ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە دەڵێین: هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە لە ناوچەکە نەک کێشە.
ئەو ئامادەییە نێودەوڵەتییەی کە سەرۆک و حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان هەیانە، دەرخەری کارایی و کاریگەریی رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستانن لە هاوکێشەکاندا.
پرسیار: ئێران هیچ رۆڵێکی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟ ئێران چی دەڵێت لەبارەی ئەو هاوسەنگییەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا هەیەتی؟
دڵشاد شەهاب: ئێران دەوڵەتی کاریگەری ناوچەکەیە، کاریگەریی پەیوەندییەکانی لەسەر بەغدا هەیە و لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش لە حاڵەتێکی ئیجابیدان، چونکە رۆڵی ئیجابیشیان بینیوە، لەم دیدارانەش دڵنیاییان دا کە هانی هەردوولا دەدەن و رۆڵ دەگێڕن بۆ ئەوەی ئەو پرسانەی کە هەن.. بەتایبەتی دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ قۆناخێکی نوێ لە دیداری جەنابی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوە و ئەو سیاسییانەی لە دیدارەکەدا بەشداربوون هەست دەکرێت کە هەرێمی کوردستان قۆناخی لێکتێنەگەیشتنی لەگەڵ ئێران بەجێهێشتووە و ئێستا لە قۆناخی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.
پرسیار: هەرێمی کوردستان چۆن هاوسەنگی دەپارێزێت؟
دڵشاد شەهاب: پاراستنی هاوسەنگی لەدەست ئێمەیە، ئەوە نییە یەکێک ئەو رێگەیە بۆ ئێمە دابنێت، هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدەن، لەلایەکەوە شەڕ و ئاڵۆزی و هەڕەشەی تیرۆر هەیە، لەلایەکی دیکەوە گفتوگۆی ئاشتی لە تورکیا هەیە، گفتوگۆی ئیدارەیەکی نوێ لە سووریا هەیە و گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، لە هەموو ئەم پرسانە، هەرێمی کوردستان توانیویەتی زۆر بە سەرکەوتووانە مامەڵە بکات، ئەوەش لە بێلایەنی خۆی بووە، لە سەربەخۆیی بڕیاری خۆی بووە و هەمووانیش رێز لەوە دەگرن، هەموو ئەو لایەنە ناکۆکانەی کەوا لە ساحەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یاریی دەکەن، رێز لە بڕیاری هەرێمی کوردستان دەگرن، چونکە بڕیاری ئێمە لەلای خۆمان بووە، بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموو شتەوە بووە، سەقامگیریی عێڕاق و هەرێمی کوردستان ئامانجێکی سەرەکی بووە، ئەمە وایکردووە سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
پرسیار: لەم سەردانەدا هیچ رێککەوتنێکی نووسراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران واژۆکراوە؟
دڵشاد شەهاب: پەیوەندییەکانی ئێمە و ئێران بە حوکمی جوگرافیا و مێژوو، بە هەند زانینی هەڵوێستەکانی ئێران لە رۆژە سەختەکاندا و لە رۆژانی ئاوارەیی، لە سەرخستنی راپەڕین، لە پاڵپشتیکردنی بونیادنانەوەی کوردستان و لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.. لە هەموو ئەو وێستگانەدا نابێ چیدی لە سەردانەکاندا چاوەڕێی واژۆکردنی رێککەوتنی نوێ بکرێت، ئێمە دراوسێین و کۆمەڵێک بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەن، بەڵام هەڵسەنگاندن بۆ قۆناخێک کرا. بەڵی هەڵوەستە لەسەر ئەوە کرا کە لە پارەوە سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەولێری کرد و تائێستا، هەموو ئەو هەنگاوانەی نراون بە ئیجابی لە قەڵەمدراون لەلایەن هەردوولایەوە.
بەشێکی زۆری گفتوگۆکانی پار لەسەر ئەوەبوون چۆن گرژییەکان چارەسەر بکرێن، ئەمڕۆ هەڵوەستە لەسەر ئەوە کرا کە هەموو ئەو هەنگاوانە ئاراستەیەکی ئیجابییان وەرگرتووە، ئەمڕۆ باسی ئەوە کرا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەر چوار پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی دێنە تاران و گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندنی ئابووری و بەرەوپێش چوونی پەیوەندییەکان دەکەن. دەتوانم بڵێم ئێستا پەیوەندییەکان لە هەر کاتێکی دیکە باشترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ