دوو ژینگەدۆست لە ئەنجامی شکانی بەستەڵەکێکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان گیانیان لەدەستدا

18-07-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
دیمەنێکی شوێنی رووداوەکە
دیمەنێکی شوێنی رووداوەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپێکی ژینگەدۆست کە لە 18 کەس پێکهاتبوون، رۆژی یەکشەممە، 16-7-2023، گەشتێکیان بۆ ناوچەی جیلۆی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان رێکخست. ئەو شوێنەی ئەو گرووپە سەردانیان کرد چیای ساتی تێدایە کە 4 هەزار و 135 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە. 

لەو کاتەی ئەندامانی گرووپەکە لە نزیک تاڤگەیەک وێنەیان دەگرت، بەستەڵەکێک شکا و چوار کەس لە بەرزیی 20 مەترەوە کەوتنە خوارەوە. گولای ئاڤجو و کەمال ئاڤجو کە هاوژینن و لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستانەوە چووبوونە ئەوێ، لەگەڵ دوو ژینگەدۆستی دیکە بە ناوەکانی محەممەد ئایدن و حاکیمە کۆچ ئەو چوار کەسە بوون کەوتنە خوارەوە. لەگەڵ رووداوەکەیشدا ژینگە دۆستەکانی دیکە پەیوەندییان بە پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتنەوە کرد.  
 
تیمەکان دەستیان بە گەڕان کرد
 
سێ تیمی تایبەت بە فریاگوزاری و رزگارکردن زوو گەیشتنە ناوچەکە و دەستیان بە گەڕان کرد. ئەوان دوو هاوژینەکەیان دۆزییەوە و دواتر بە گوریسێک هەڵیانکێشانەوە سەرەوە و رزگاریان کردن. گولای ئاڤجو و کەمال ئاڤجو گەیێنرانە نەخۆشخانە و خرانە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە. 
 
کەمال ئاڤجو باس لە رووداوەکە دەکات و دەڵێت، کاتێک لە نزیک تاڤگەی جیلۆ وێنەیان گرتووە، بەستەڵەکێکی گەورە شکاوە و کەوتوونەتە خوارەوە. گوتیشی، "ئیدی نەمانزانی چی روویدا. وامانزانی ئەو شوێنەی لێی وەستابووین پتەوە، بەڵام بەو جۆرە نەبوو؛ لەناکاو خۆمان لە بۆشایی بینییەوە و لە بەرزیی نزیکەی 20 مەترەوە کەوتینە خوارەوە. کاتێک کەوتمە خوارەوە هاوژینەکەمم لە نزیک خۆم بینی و ئازاری پێگەیشتبوو".
 
کەمال ئاڤجون هەروەها دەڵێت، دۆخیان لە خوارەوە باش نەبووە و دەڵێت، "هاوژینەکەم لە ژێر دڵۆپەی تاڤگەدا بوو و مەترسیی رەقبوونەوەی لەسەر بوو، بەڵام بەپەلە گواستمەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت". 
 
گولای ئاڤجونیش باس لەوە دەکات، "هیچ کات ئەو ساتەم بیر ناچێت کە کەوتینە خوارەوە. چوار کەس کەوتینە هەمان شوێن؛ یەکیک لە هاوڕێکانمان راستەوخۆ لە هۆش خۆی چوو. هاوڕێکەی دیکەشمان لە نێو بەفردا گیری خوارد. هاوژینەکەم ویستی دەری بهێنێت، بەڵام نەیتوانی. هاوژینەکەم منی هەڵگرت و خستمیە سەر سەهۆڵبەندێک کە دوو مەتر لە سەرووی ئێمەوە بوو، ئەگەر نەچووینایەتە سەر ئەو سەهۆڵبەندە، نەیاندەتوانی رزگارمان بکەن، چونکە ئەو شوێنەی کەوتینە سەری، بەرەو خوارەوە دەچوو و بەشێکیشی ئاو بوو".

 

 
"لەگەڵ هاوژینەکەم گەردنی یەکدییمان ئازاد کرد"
 
گولای ئاڤجون هەروەها دەڵێت، لەگەڵ هاوژینەکەی گەردن ئازادییان لە یەک کردووە و وایانزانیوە ئیدی ژیان بۆ ئەوان کۆتایی هاتووە. 
 
ئەو ژنە هەروەها دەڵێت، "دواتر بە کەمالم گوت بڕوات و خۆی رزگار بکات. ئینجا کەمال گوتی؛ من دەڕۆم داوای هاوکاری دەکەم، بەڵام لە شوینی خۆت نەجووڵێیت. بەو شێوەیە زۆر ماینەوە. وای لێهات هەستم بە شت نەدەکرد کاتێك دەستم بەری دەکەوت. هەوڵم دەدا جەستەم گەرم بکەمەوە و جووڵەی خوێن چالاک بهێڵمەوە. دواتر چی روویدا باش لەبیرم نییە؛ هەستم کرد تیمەکان هاتن؛ هەستم بە شتێک کرد لە قەدی منیان ئاڵاند و هەڵیانکێشام".
 
تیمەکان بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای محەممەد ئایدن کە مامۆستای جوگرافیا بوو لە شرناخ و حاکیمە کۆچ کە کارمەندی وەزارەتی داد بوو لە ئیستەنبووڵ؛ لە ئەنجامدا رۆژی دووشەممە حاکیمە کۆچ بە مردوویی دۆزرایەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممەش تەرمی محەممەد ئایدن دۆزرایەوە. 
 
د. فارووق عەلائەددینئۆغڵو کە مامۆستای جوگرافیایە لە زانکۆی یوزونجویڵی پارێزگای وان دەڵێت، چوون بۆ ناوچە بەستەڵەکەکانی جیلۆ مەترسیدارە؛ راشیگەیاند کە ئەو بەستەڵەکە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 20 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا لە هەندێک شوێنیدا توانەوەیەکی هەبووە بە جۆرێک لە هەندێک شوێندا بەشی سەرەوە رەق دەردەکەوێت، کەچی لە ناوەوە تواوەتەوە و بووەتە ئاو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە