رووداو دیجیتاڵ
کچێکی گەنج دەچێتە نێو لە مزگەوتێکی پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان و بە کەوا و سەڵتەی مەلایان سەما دەکات.
دیمەنی سەماکردنی ئەو کچە گەنجە رۆژی پێنجشەممە، 18-8-2023 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی خەڵکی بەدوادا هات. رووداوەکە لە مزگەوتی کۆپرولو محەممەدپاشا لە شارۆچکەی حەکیم خان روویداوە. شەوی رابردوو گرتە ڤیدیۆییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی بڵاوبووەوە. ئەمە لەکاتێکدایە دەرکەوتووە کە ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە ساڵی 2019 تۆمارکراوە. کچەکە دوای ئەوەی سەما دەکات، دەچێتە سەر سەکۆی گوتاردان (مینبەر).
سەمای کچەکە کاردانەوەی زۆری خەڵکی بەدواوە هاتووە، تەنانەت بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە حکومەت دەکەن، ئەو کچە بەهۆی بێڕێزی بەرامبەر پیرۆزییە ئاینییەکان دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت. لە بەرامبەردا بەشێک لە هاونیشتمانیان بە پێویستی نازانن کچە گەنجەکە دەستگیربکرێت.
بەگوێرەی یاسای 5237ی کۆماری تورکیا، سووکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان تاوانە. لە 216مین بڕگەی یاساکەدا هاتووە: "کەسێک یان گرووپێک ئەگەر بە دەستی ئەنقەست سووکایەتی بە ئایین بکات و ئەمە بە کردەیی نیشان بدات، سزاکەی لە شەش مانگ تاوەکو ساڵێک بەندکردن دەبێت".
تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لە پێگە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا سەبارەت بەم دیمەنە بڵاونەکراوەتەوە.
کچێکی گەنج بە جلی مەلاوە لەنێو مزگەوتێکی پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان سەما دەکات pic.twitter.com/6pt2TGw9JC
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 18, 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ