دەستەی گەشتوگوزار: سەرجەم رێکارەکانی دامەزراندنی پۆلیسی گەشتیاری تەواو کراون

18-08-2025
پەیمان محەممەد
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، رێکارەکانی دامەزراندنی ئەو 165 پۆلیسە گەشتیارییەی ساڵی 2023 بڕیاری دامەرزاندنیان بۆ دەرچووبوو تەواو کراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''تەنیا ماوەتەوە فەرمانی کارگێڕییان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ دەربچێت.''
 
رۆژی دووشەممە، 18-08-2025، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەولێر راگەیاند، بڕیارە بە مەبەستی چاودێری و رێکخستنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان، پۆلیسی گەشتیاری دابمەزرێت.
 
ئەمەل جەلال ئاماژەی دا، پێشتر داوای دامەزراندنی هەزار و 500 پۆلیسی گەشتیاری کراوە، ''بەڵام بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە، ئەو ژمارەیە بۆ 165 کەس کەمکرایەوە.''
 
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری دەڵێت، سەرجەم رێکارەکانی دامەزراندنی پۆلیسە گەشتیارییەکان تەواو کراون و ''تەنیا ماوەتەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە فەرمانی کارگێڕییان بۆ دەربچێت.''
 
ئەمەل جەلال ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیانە ساڵی 2026 یان سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی دەیەمی حکومەت، پڕۆژەی دامەزراندنەکە بگاتە ئەنجام.
 
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دەستبەکاربوونیان، ئەندامانی پۆلیسی گەشتیاری هەر بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لە شوێنە گەشتیارییەکان ئامادە دەبن، ''ئەمەش سیمای کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان جوانتر پیشان دەدات.''
 
دامەزراندنەکە وەزارەتی ناوخۆ دەیکات و بە گرێبەست دەبێت. سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پێشنیاز دەکات دامەزراندنی ئەو 165 کەسە لەسەر داهاتی ناوخۆ بێت و لە داهاتووشدا ژمارەیان زیاد بکەن.
 
کاری ئەو پۆلیسانە چاودێریکردنی شوێن و بنکە گەشتیارییەکان و چەسپاندنی یاسا دەبێت؛ کاری ئەوان هەروەها رەخساندنی کەشی ئارام بۆ گەشتیاران بەگشتی دەبێت. وەک ئەمەل جەلال گوتی، سەرجەمیان دەرچووی بەشی گەشتوگوزار دەبن.
 
پێشتر 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی ناوخۆ دامەزراندنی پۆلیسی گەشتیارییەکانی بەم جۆرەی خوارەوە راگەیاندبوو:
 
گەشتوگوزاری هەولێر (30) دامەزراندن
گەشتوگوزاری سلێمانی (30) دامەزراندن
گەشتوگوزاری دهۆک (25) دامەزراندن
گەشتوگوزاری هەڵەبجە (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری سۆران (20) دامەزراندن
گەشتوگوزاری گەرمیان (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری راپەڕین (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری زاخۆ (15) دامەزراندن

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.