رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەکی قەزای بنەسڵاوە دەڵێن، تاوەکو ئێستا دوو رۆژ جارێک ئاویان بەسەردا دابەش دەکرێت و داوا دەکەن رۆژانە ئاویان بۆ بەربدرێتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی قەزاکەیش دەڵێت، هەموو قەزای بنەسڵاوە لە رێگەی هێلی فریاگوزاری ئاوی هەولێرەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت.
زریان محەممەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەی هەولێرە، بە رادیۆی رووداوی گوت: هەرچەندە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر ئاوی پرۆژەی هێڵی فریاگوزاری ئاویان پێگەیشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشی زۆری گەڕەکەکانی بنەسڵاوە رۆژ نا رۆژێک واتا لە 48 کاژێر، دوو کاژێر ئاویان بەسەردا دابەش دەکرێت.
ئاراس موحسین، بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە بە رادیۆی رووداوی گوت، هەموو قەزای بنەسڵاوە لەرێگەی هێڵی فریاگوزاری ئاوی هەولێرەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت و رۆژانە ئاو دەکرێتە کۆگاکان و پاشان بەسەر گەڕەکەکاندا دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە گوتیشی، ئێستا بەشی زۆری بیرەکانمان داخستوون و بەهۆی پرۆژەی فریاگوزارییەوە، تەنیا چەند بیرێکی کەم نەبێت لە بەشی باکووری بنەسڵاوە کە پێویستیان پێیانە.
لەبارەی خشتەی دابەشکردنی ئاو، ئاراس موحسین دەڵیت، رۆژ نا رۆژێک هەموو گەڕەکەکان ئاویان بەسەردا دابەش دەکرێت و بەگوێرەی پێویستی هاونیشتمانییان ئاو دابەشدەکرێت بەشێوەیەک لانیکەم سێ کاژێر ئاو بەردەدرێتەوە. گوتیشی لە بەشێک لە گەڕەکەکان کۆنبوونی تۆڕەکانی ئاو وایکردووە نەتوانین زۆر ئاو بەربدەینەوە لە ترسی ئەوەی تۆڕەکان بەرگەی نەگرن و بتەقن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ