رووداو - کەرکووک
بازاڕی سەوزە و میوەفرۆشەکانی گەراج لەیلان بە کەرتی وەبەرهێنان دراوە و بڕیاری تێکدانی بۆ دەرچووە، بازاڕەکە دەکەوێتە چەقی شار و بە زیادەڕۆ دروستکراوە.
عیسام حەسەن، دووکاندار دەڵێت، "کەی رەوایە لەدوای 30 بۆ 35 ساڵ کارکردن لێرە دەربکرێیت و پێمان بڵێن، فەرموو بڕۆن. ئێمە دەمانەوێت دووکانەکانمان لەسەر تاپۆ بکرێت یان گرێبەست بکەن و بە دڵی ئەوان نۆژەنی دەکەینەوە و مانگانەیان پێدەدەین، ئێمە چەند جار بە فەرمانگەی دانەوێڵەمان گوتووە، دەڵێن فەرمانبەرمان نییە بۆتان بنێرین."
زەویی بازاڕەکە موڵکی وەزارەتی بازرگانیی عێراقە، دووکاندارەکان بێ کرێدان تێیدا کار دەکەن و باج بە حکومەتیش نادەن، بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەدا تێکبدرێت.
کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵە دەیەوێت لە رێگەی وەبەرهێنانەوە لە شوێنی ئەو بازاڕە کارگەیەکی ئارد و هەویرکار دروست بکات؛ بۆ ئەو کارەش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی شارەکە واژۆ کردووە.
محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دانەوێڵەی کەرکووک دەڵێت، "ئەو شوێنە موڵکی کۆمپانیای ئێمەیە و بە وەبەرهێنەرمان داوە بۆ ماوەی 20 بۆ 23 ساڵ، دەکرێتەوە بە کارگەیەک کە لەگەڵ ئێمە بگونجێت و سیمایەکی جوان بە ناوچەکە ببەخشێت. رەنگە لە ئاییندەدا هەر ئەو دووکاندارانە سوودی لێ ببینن و بە کرێ لە وەبەرهێنەرەکەی وەربگرنەوە."
لە کەرکووک زیاتر لە 18 بازاڕی گەورە و مامناوەند هەن، کە بە شێوەی زیادەڕۆ و لەسەر زەویی دەوڵەت دروستکراون، بڕیاری رووخاندن بۆ تەواوی ئەو بازاڕانە دەرچووە و دەست بە رووخاندنی بەشێکشیان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ