رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەڵێت، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و 7 مانگ بەسەر پەسندکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدیدا لەنێوان 500 بۆ 550 رزگاربوو تۆمارکراون. دەشڵێت، هێشتا زیاتر لە 2800 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن.
رۆژی چوارشەممە 17-10-2023 حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی کوردی ئێزدی کەمتەرخەمە. گوتیشی، "زیاتر لە دوو ساڵ و حەوت مانگ بەسەر پەسندکردنی یاساکەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوانەی رزگارکراون و ناویان تۆمارکراوە لەنێوان 500 بۆ 550 کەس دەبن. دەبێت پڕۆسەکە خێرا بکرێت."
سەبارەت بە رزگاربووان و ئەو کەسانەی چارەنووسیان نادیارە، حوسێن قائیدی گوتی، "ژمارەی کوردانی ئێزدیی رفێندراو 6417 کەس بوو؛ لەو ژمارەیە 3575 کەسیان رزگار کراون؛ 2842 کەسی دیکەشیان چارەنووسیان دیار نییە."
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی ماون و لەسەر بنچینەی زانیاریی تەواو هەر ماوەی جارێک رفێندراوێک یان زیاتر رزگار دەکرێت.
رۆژی 01-03-2021 پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئامادەبوونی 180 پەرلەمانتار، یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعشی پەسند کرد.
بەپێی مادەی 4ـی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی کوردی ئێزدی، ئامانجی یاساکە بریتییە لە:
یەکەم: قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان لە رووی مادی و مەعنەوییەوە
دووەم: سەرپێخستنەوە (شیاندنەوە) و چاودێریکردنی رزگابووان
سێیەم: دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ رزگاربووان
چوارەم: ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانی ناوچەی رزگاربووان
پێنجەم: ئامادەکردنی میکانیزمی پێویست بۆ تێکەڵکردنەوەی رزگاربووان بە کۆمەڵگە
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2014، شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا کەوتە دەستی چەکدارانی داعش. سێی ئابی 2014ش چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری و کوردانی ئێزدییان کۆمەڵکوژ کرد. هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی 325 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبن کە بەشی زۆریان چوونە هەرێمی کوردستان؛ نزیکەی 100 هەزار کوردی ئێزدیش بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ