رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەیدا رایگەیاند، داوا لە هەموو حیزبەکان دەکەن، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دووبارە بکرێتەوە.
رۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا بە فەرمی دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد. عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستمان بە تەبایی، یەکڕیزی و هاوکاریی یەکترە بۆ چاککردنی یەکتر، نەک شکاندنی یەکتر؛ کە هەموو ئەوانە لە ئیسلام و قورئاندا هەن."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند: "پێشینەی کۆمەڵی دادگەری ئەوەیە لەگەڵتان راستگۆ بین، هەر وەکو چۆن لە دروشمەکەشماندا هاتووە، کۆمەڵ راستگۆیە و راستە، چونکە چاودێریی خودا بەسەر خۆمانەوە دەبینین، بەرنامە و قەناعەت و عەقیدەمان وایە."
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق، عەلی باپیر گوتی: "ئەگەر بزانین پەرلەمانێک دیزاین بۆکراوە، ناچینە ناوی و بایکۆتی دەکەین. ساڵی رابردوو دوو رۆژ دوای ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام زوڵممان لێ کرا و گوتمان ناچینە ناو پەرلەمانەوە؛ ئێستا بڕیارمان داوە لە پەرلەمانی عێراق بەشدار بین، بەڵام هەرکاتێک بۆمان دەرکەوت کە وەک جاری پێشوو دیزاینی بۆ دەکرێت و فێڵی تێدا دەکرێت، هەمان هەڵوێست دووبارە دەکەینەوە و رەچاوی ئەوە ناکەین چەند زیانی حیزبی و کەسی دەکەین."
کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسیی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سێ کورسی بەدەستهێنا.
عەلی باپیر گوتی: "خەڵک لێمان دەپرسن بۆچی ئۆپۆزیسیۆنەکان نەیانتوانی یەک بگرن، هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەزانن کە لە هەموویان چووینە پێش و لەگەڵ هەموویان قسەمان کرد، لایەنێک دەیگوت ئەوە نایەت منیش نایەم، دەچووین قسەمان لەگەڵ ئەو لایەنەش دەکرد، لایەنێکی دیکە دەیگوت ئەو لایەنە بێت من نایەم، سەرئەنجام نەبوو و بەتەنیا ماینەوە."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوای لە ئەندامانی کرد: "هەوڵبدەین دین و موسڵمانێتیی خۆمان تۆختر بکەینەوە، چارەسەری ئەم هەرێمەی ئێمە و عێراق ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ناسنامەی ئیسلام، شیعە واز لە شیعەگەرایەتی بێنێت و سوننەش واز لە سوننەگەرایەتی بێنێت."
لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، عەلی باپیر داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد کە پشتگیریان بکەن و بە زووترین کات دوای هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش دووبارە بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ