پارتی: کاتمان لەبەردەم نییە و پێویست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ناکات

18-11-2021
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
پەرلەمانی کوردستان. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
پەرلەمانی کوردستان. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن هەمواری یاسای هەڵبژاردن پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، هەموارنەکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و تەواوبوونی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستانە، بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمان 18ی مانگی وەک دوا وادە بۆ گەڕاندنەوەی پێشنیازی لایەنەکان دیاریکردووە.
 
پارتی دەیەوێت پەیکەربەندی کۆمیسیۆن گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بەگوێرەی کورسی پەرلەمانی کۆمیسیاران بەسەر لایەنەکان دابەشبکرێنەوە، هەروەها یاسای هەڵبژاردن دەستکاری نەکرێت، چونکە لەم وەرزەدا پەرلەمان بە هەموارکردنەوەی راناگات.
 
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "لە پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ بۆشاییەکی یاساییمان نییە و هیچ پێویست ناکات یاساکە هەمواربکرێتەوە، ئەگەر پرۆژەیەکی تازە هەبێت بۆ هەڵبژاردنی کوردستان ئەوە خۆی لەخۆیدا لەمپەڕ دروستکردنە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت."
 
پێچەوانەی پارتی، ئاراستەی تێڕوانینی زۆربەی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، بەجۆرێک کار بە لیستی نیمچە کراوە بکرێت و سیستەمی هەڵبژاردن لە بازنەیەک بکرێتە فرەبازنەیی.
 
یەکێتی پێشنیازدەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، پەیکەربەندی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن وەک خۆی بمێنێتەوە .
 
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەلای ئێمە ئاساییە ئەو کۆمیسیونە وەک خۆی بمێنێتەوە ئەگەر گۆڕانکارییەکی لایەنە سیاسییەکان تێدا بکرێت یاسای هەڵبژاردنەکان لە مێژە کاری پێدەکرێت و هەرێمی کوردستان یەک بازنەیی پێویستە بکرێتە فرە بازنەیی."
 
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە 9 کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دوو کۆمیسیارییان لایە داوا دەکەن ئەمجارەش کۆمیسیۆن متمانەی پێبدرێتەوە و دەستکاری پشکی لایەنەکان نەکرێت، بۆ یەکەمجاریش داوادەکەن هەڵبژاردن بە لیستی داخراو بێت.
 
گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت "یاسای ژمارەیەکی هەڵبژاردنەکان سەرەڕای ئەوەی 7 جار هەموارکراوەتەوە، بەڵام کەموکورتی تێدایە، بۆیە بە گرنگی دەزانین یاسایەک دەربکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە یاسایەک دەربکات بەلای ئێمە واباشە هەڵبژرادن بە لیستی داخراو بێت."
 
لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، کۆمەڵ و یەکگرتوو کە هەرلایەنە و کۆمیسیارێکیان لە کۆمیسیۆن هەیە، پێسنیازەکانیان لە یەکێتی و گۆڕانەوە نزیکە.
 
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە رووداوی راگەیاند "چ یاسای هەڵبژاردن یان کۆمیسیون دەبێت گوزارشت لە بیروبۆچوونی خەڵکی ناڕازیی کوردستان بکات، ئێمە وەکو یەکگرتووە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت."
 
رۆژی 23-12-2019 ماوەی یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تەواوبووە، کۆمیسیۆنەکە چاوەڕێیە بڕیار لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدرێت و بتوانن هەڵبژاردنی داهاتوو بەڕێوەببەن کە بەگوێرەی یاسا دەبێ لە کۆتایی مانگی 9 ی 2022  بکرێت، کۆمیسیۆن دەڵی شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکارییەکان و دەبێ لە کۆتایی مانگی 3ی ساڵی 2022 راسپێردرابن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن .  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە