سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە کوردستانییەکان: هەلومەرجی دوای هەڵبژاردنی عێراق هەمان هەلومەرجی پێشوو نییە

18-11-2025
سەرۆک مەسعود بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، "سیاسەتی خۆسەپاندن نە لە عێراق و نە لە جیهان سەرکەوتوو نەبووە." داوایشی لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد حکومەت پێکبهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکیی- دهۆک بەڕێوەدەچێت. لە کۆڕبەندەکە پرسەکانی پەیوەندیدار بە عێراق، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچە تاوتوێ دەکرێن.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆڕبەندەکە گوتارێکی پێشکێشکرد. لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد، هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە و رایگەیاند، "هەلومەرجەکانی دوای هەڵبژاردنی عێراق هەمان هەلومەرجی پێش هەڵبژاردن نییە" هەر لایەنێک بەگوێرەی دەنگەکانی مافەکانی وەردەگرێت.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا داوای کرد لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق سێ خاڵ جێبەجێبکرێن:
1- یاسای هەڵبژاردن راستبکرێتەوە، چونکە هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە
2- کار بکرێت بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی بەگوێرەی مادەی 65ـی دەستوور و دادگای فیدراڵی دابمەزرێت بەگوێرەی مادەی 92 و 93ـی دەستوور و دوانەخرێت
3- مادەی 140 یاسای نەوت و گاز  جێبەجێبکرێن و پشتگوێ نەخرێن
سەرۆک مەسعود بارزانی  باسی لە پەیماننامەی سایکس پیکۆ کرد و رایگەیاند، "پەیماننامەی سایکس پیکۆ گۆڕانکارییەکەی گەورەی لە ناوچەکە دروست کرد. سایکس پیکۆ ئەمن و ئاسایشی بۆ ناوچەکە نەهێنا، لەو کاتەوە ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنین."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، زۆر ئاساییە هەڵە بکرێت، بەڵام بەردوام بوون لەسەری "تاوانە" و "حەقە ئەو کێشانەی دێنە بەردەممان بۆ جیلی داهاتوو بەجێنەهێڵین."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا، "ئەو هەلەی 2003 هاتە پێش هێشتا ماوە و دەبێت لەدەستی نەدەین." 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، "هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجامدرا رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق بگەڕێتەوە سەر رێچکەیەکی راست و دروست."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تورکیا، سەرۆک بارزانی گوتی، "پشتیوانییەکی باشمان لێکردووە و بەردەوام دەبین." هەروەها لە سووریاش دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە پێش.
سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لە رووی تەکنیکییەوە زۆر پێشکەوتوو بوو، لە هیچ شوێنێک نەمبیست کەشی هەڵبژاردن ناخۆش بکات. بەڵام هیوادام یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت."
دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی: 
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەك دەكەم و ببوورن كە ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت هەموو ناو و ئەوانە بڵێت، بەڵام هەمووتان بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان. ئەم كۆڕبەندە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا دەبەسترێت، قەیران لە هەموو جیهاندا زۆرن، بەڵام بە تایبەتی لە ناوچەی ئێمە، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی یەكجار زۆر و مەترسیدار هەیە و ئومێدەوارین ئەم جۆرە كۆڕبەندانە ببنە یارمەتیدەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە. هەندێك ڕووداو، گۆڕانكاریی مەزن دروست دەكەن، یان مێژوویەكی نوێ دروست دەكەن، هەروەك دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، پەیمانی سایكس بیكۆ گۆڕانكارییەكی مەزنی بەسەر ناوچەكەدا هێنا و ئەو سیستەمەی كە بەپێی پەیمانی سایكس بیكۆ دامەزرێندرا، بە داخەوە ئەمن و ئاسایشی بۆ ناوچەكە نەهێنا، گرفتی مەزنیان بۆ دروست كرد و هەتا ئەمڕۆ ئێمە هەموو ئەو میللەتانەی كە لەم ناوچەی رۆژهەڵاتداین، ئێمە دەناڵێنین بەدەست ئەو پەیماننامەیە. بۆیە بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە ئێمەی میللەتانی ناوچەكە بیر لەوە بكەینەوە كە كێشەكە لە كوێدایە، ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن. هیچ مەعقول نییە ئێمە پێكڕا بژین و ناتەبا بین و كێشە لە نێوانماندا هەبێت، ئەگەر كێشەكانمان دۆزییەوە، چارەسەر زۆر ئاسان دەبێت ئەگەر نیەت و ئیرادە هەبێت. 
زۆر ئاساییە هەڵە بكرێن، بەڵام بەردەوامبوون لەسەر هەڵە تاوانە. سیاسەتی خۆسەپاندن و دەست بەسەرداگرتن بەسەر هەموو بوارێكدا سەرنەكەوتووە، نە لە لای ئێمە لە عێراق و نە لە هیچ وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو لایەكیش زەرەرمەند بوون، نەوەی داهاتوو پێویستییان بەوە هەیە كە ژیانێكی خۆش و بەختەوەر بەسەر ببەن، ئەو گرفتانەی كە ئێمە و ئەوانەی پێش ئێمە تێیدا ژیان و بینیمان، هەقە ئەو كێشانە بۆ ئەو نەوانەی كە دوای ئێمە دێن، جێ نەهێڵین.
دەوڵەتی عێراق كە پاش جەنگی جیهانی دامەزرێندراوە، لەسەر بنەمای شەراكەت دامەزرێندراوە، پاش ئەوە لە شۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958، بڕگەیەك نووسرا لە دەستووری كاتیی ئەوكاتەدا كە (العرب والكرد شركاء في هذا الوطن)، ئەمەش هێزێكی دیكەی دایە هەم عێراق و هەم كەشوهەوایەكی وای دروست كرد لە عێراق و لە كوردستان كە ڕۆژانی زۆر خۆش بن. دیسان سەری نەگرت. لە 11ی ئازار رێككەوتن لە نێوان شۆڕشی ئەیلوول و حكوومەتی عێراقی ئەو سەردەمە كرا، فەترەیەك و دیسان سەری نەگرت. ئەنجامی ئەوە بوو ئێمە بینیمان، كیمیاباران بوو، ئەنفال بوو، وێرانكردنی گوندان بوو. هیچ كاتێك سەركردایەتیی شۆڕش یەك هەلیشی لە دەست خۆی نەدا بۆ چارەسەری ئاشتییانە. لە ساڵی 1963 بەبێ ئەوەی بیر بكەینەوە كێ حكوومەتە لە بەغدا، هەر فورسەتی ئاشتی هەبووبێت بەرەو ئەو ئاشتییەوە چووین، ساڵی 63، 64، 66، 70 هەتا 91، ئێمە سەلماندمان وەكوو كورد كە ئێمە ئاشتیخوازین، ئەو شتانەی بەسەرماندا هات ئێمە لەبیرمان ناچێت، بەڵام ئێمە بە دوای تۆڵەكردنەوە نەچووین، چونكە ئێمە زۆر باش دەزانین برایەتیی ئێمە و عەرەب و پێكهاتەكانی دیكە زۆر بەرزتر و مكومترە لەو خیلافانە یان تاوانێك كە بكرێت لە تەرەفی حكوومەتدا، خیلاف لەگەڵ حكوومەت شتێكە و برایەتی و دۆستایەتی و تەباییش لە نێوان میللەتان شتێكی دیكەیە.
فورسەتێكی زێڕین بۆ ئێمە هەموان هاتە پێشەوە پاش رووخانی رژێم لە ساڵی 2003 و لەسەر سێ بنەما هەنگاو نران، لەسەر (شەراكەت، تەوازن و تەوافوق)، لە ٢٠٠٥ دەستوورێك بۆ عێراق دانرا، ئەو كاتەش ئێمە دەمانزانی كە ئەم دەستوورە كێماسی تێدا هەیە، بەڵام ئەگەر بەراورد بكەین لەگەڵ دەستوورەكانی پێش ئێستا و لەگەڵ دەستوورەكانی دەوروبەری خۆیشمان، دەستوورێكی زۆر پێشكەوتووە و ئیجابیاتی زۆر زیاترن، دەستوور خۆیشی ئالیەتی داناوە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر كەموكوڕی و كێماسی هەبن، چارەسەر بكرێن. لەو رۆژەی كە دەستوور تەواو بوو، من گەڕامەوە بۆ هەولێر، من گوتم ئەو دەستوورە ئەوە نییە كە هەموو شتێك كە ئێمە دەمانەوێت، تێیدا بێت، بەڵام دەستوورێكە زۆر شتی تێدایە كە دەتوانین شانازیی پێوە بكەین، دەستوورێكە عێراق دەباتە قۆناغێكی دیكە. پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدرالی رێكخستووە، بۆیە دەستوورێكە كە ئێمە ئەوكات و ئێستا و بۆ ئاییندەش پشتیوانیی لەو دەستوورە دەكەین. 
راستی دەبێ ئێمە ئەم پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئەم هەموو كێشانە، ئەرێ خەتای كوردانە یان خەتای حكوومەتە؟ من هیچ لایەك تەبریئە ناكەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە كاتێك ئەو دەسەڵاتی هەیە و ئیمكانیات و هێزی هەیە، پتر خەتا دەكەوێتە سەر ملی ئەو. ئێمە هەموو ئێش و ئازارێكی زۆرمان كێشا، خوێنێكی زۆر رژا، ئەو دەرفەتەی لە 2003 هاتە پێشەوە، هێشتا ئەو دەرفەتە ماوە و دەبێت ئێمە لە دەستی نەدەین. دەستوورێكمان هەیە ئێمە پابەندین بەو دەستوورە و ئەو دەستوورە رێنیشاندەرە بۆ ئەوەی ئەگەر كێشەیەك هاتە پێشەوە، چۆن چارەسەر دەكرێت؟ ئێمە هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی كە پێش چەند ڕۆژێك كرا، ڕێگە خۆش بكەن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ رێگەیەكی دروست و پرۆسەی سیاسی لە عێراق بگەڕێتەوە بۆ ڕێچكەیەكی راست و دروست تاوەكوو هیچ كێشەیەك لە نێوان ئێمەدا نەمێنێت.
من لێرەدا بە گونجاوی دەزانم خۆشحاڵیی خۆم دەرببڕم بۆ ئەو پرۆسەی ئاشتییەی كە لە توركیا دەستی پێكردووە، ئێمە پشتیوانییەكی گەرممان لێ كردووە و پشتیوانیشی لێ دەكەین، هیواداریشین بگەنە ئەو ئامانجانەی كە خێری هەموو لایەكی تێدا بێت، هەروەها دەرفەتێكی زێڕین بۆ سووریاش هاتووەتە پێشەوە، ئێمە هیوادارین كورد و هەموو پێكهاتەكانی سووریا ئەوانیش لە نێوان خۆیان و حكوومەتی ئێستا دیسان بە شێوەیەكی ئاشتییانە، بە شێوەیەكی دیموكراتییانە ئەو كێشانە چارەسەر بكەن و بگەنە ڕێككەوتنێك كە هەموو پێكڕا بۆ خۆیان ژیانێكی خۆش ببەنە سەر. 
بەڕێزان
11ی 11 هەڵبژاردنێكی زۆر گرنگ لە عێراق كرا، من لێرە بە پێویستی دەزانم پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عێراق بكەم بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەركەوتووە، لە رووی تەكنیكییەوە زۆر سەركەوتوو بوو، هەتا بۆ ئاگاداریتان، هەڵبژاردنی پێش ئێستا، من چووم دوایین چانسی دایە من ئاخۆ پەنجەی من دەخوێنێتەوە یان نا؟ ئەگینا ئەگەر هەبوو كە من دەنگم نەدابایە، پرۆسەكە هێندە ئاڵۆز بوو. بەڵام ئەمجارە بە یەك خولەك هەموو شت تەواو بوو. ئەوەی كە من بینیم لە رووی تەكنیكییەوە زۆر زۆر ڕێكوپێك بوو و ئەلحەمدولیلا من نەمبیست لە هیچ جێیەك، نە لە باشوور و نە لە هیچ جێیەك هیچ كێشەیەكی ئاوا روویان نەدا كە ئەو كەشوهەوا خۆشە ناخۆش بكات، ئەمانە هەمووی جێی دەستخۆشییە، هەم بۆ حكوومەتی فیدرالی و هەم بۆ میللەتی عێراق هەموان و هەم بۆ حكوومەتی هەرێم و پیرۆزبایی لە هەموو لایەك دەكەم.
من زۆر بە پێویستی دەزانم ئەمە ببێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی پاش ئەم هەڵبژاردنە بنرێن، یەكێك لەوانە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن، بە بۆچوونی ئێمە ئەو یاسایەی ئەم هەڵبژاردنەی پێ كراوە، دادپەروەر نییە و زۆر كەموكوڕی تێدایە، هەقی زۆر خەڵكێكی شایستە بزر بوو و خەڵكێكی ناموستەحەق هەقی وەرگرتووە، ئێمە بە جددی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی دیكە هەوڵ بدەین ئەم یاسایە راست بكرێتەوە، چونكە بەڕاستی ئەم یاسایە هیچ دادپەروەرییەكی تێدا نەبوو.
خاڵی دووەم، كار بكرێت بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدرالی بەپێی ماددەی 65ی دەستوور، چونكە ئەمە زەروورەتە، چونكە زەمانەتێكە هەم بۆ هەرێم و هەم بۆ هەموو پارێزگاكان.
خاڵی سێیەم، دادگای فیدرالی دابمەزرێت بەپێی دەستوور و بەپێی ماددە 92 و 93، هەموو ئەم شتانە كە گونجاو بن لەگەڵ دەستوور بكرێن، بەڵام بكرێن و دوانەخرێن، چونكە رەنگە هۆكاری زۆر لە كێشەكان نەبوونی ئەو دەزگایانە بوون.
ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و چیتر ئیهمال نەكرێت، یاسای نەوت و غاز ئیقرار بكرێت كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستوور كە ئەویش هۆكاری زۆر لەو كێشانە بوون كە لە نێوان هەرێم و بەغدا روویان دا كە پێویست نەبوون ئەسڵەن، ئەو یاسایە ساڵی 2007 نووسرا و ئامادە كرا، من نامەوێ بچمە ناو وردەكارییەكان، بەڵام دەبوایە ئەوكات ئێمە ئەوەمان كردبایە، هەتا ئێستا دواخرا هەڵەیەكی مەزن بوو، بەڵام لێرەوە ئومێدەوارین كە ئەو یاسایەش جێبەجێ بكرێت و تەواو ببێت.
پێویستە هەموو پێكڕا هەوڵ بدەین دەوڵەتی دامەزراوەیی دابمەزرێت، چیدی دەوڵەتۆك لەنێو دەوڵەتدا نەبنە رێگر و كێشە دروست بكەن، یاسا سەروەر بێت، هەر هاووڵاتییەك مافی خۆی و ئەركی خۆی بزانێت و تەركیزێكی زیاتریش بكرێت لەسەر خزمەتگوزاری بۆ سەرتاسەری عێراق، من وا دەزانم كە خەڵكی ئێمە هەموو لە كوردستان، لە ناوەڕاست، لە باشوور، ماندوو بوون لە درووشم، زۆریان گوێ لە درووشم بوو، خەڵك بە كرداری شتیان دەوێت، كارەبایان دەوێ، شەقامیان دەوێ، نەخۆشخانەیان دەوێ، پەروەردەیەكی راست و دروستیان دەوێ. هیوادارین هەموو لایەك رووی خۆیان بدەنە ئەوەی كە ئاستی ژیانی خەڵكی ئێمە بەرەوپێش بچێت، ئەمە ئەنجامێكی باش دەدات.
لەبارەی دۆخی هەرێم، ئێرەش ساڵێك و مانگێكە بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕی، هەر پاش ئەوەی كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راگەیاندرا، ئێمە داوامان لە هەموو ئەو حزبانە كرد كە كورسییان هێناوە، بێن حكوومەتێكی بنكەفراوان پێكبهێنین، نەهاتن. هیوادارم دیسان ئەم هەڵبژاردنانەی فیدرالی كە كراوە، ببنە هاندەر، من جارێكی دیكەش ئەو داوایە لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەم بێنەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پێك بهێندرێت، هیوادارم هەردوو حكوومەت پێكڕا پێك بهێندرێن بۆ ئەوەی سەنگی هەموو لایەك بپارێزرێت. 
هیوادارم لایەنە كوردستانییەكان باش گوێ بدەنە ئەم گوتارەی من، ئێستا ئەو هەلومەرجانەی كە پاش هەڵبژاردنی فیدرالی هەیە، ئەو هەلومەرجانەی پێش ئێستا نییە، پێویستە بەپێی ئیستحقاقی ئینتیخابی، هەموو لایەك بگاتە هەقی خۆی.
بابەتێكی دیكەی گرنگ، ئەو مەترسییانە چین كە ڕووبەڕووی عێراق و هەموو ناوچەكەش بووەتەوە؟ مەزنترین هەڕەشە تا ئێستاش مەسەلەی تیرۆرە كە هێشتا تەواو نەبووە و دیاردەی داعش دیاردەیەكی ترسناكە و نابێت هیچ جارێك لە بیرمان بچێت، هەر كاتێك دەرفەتی خۆیان ببینن ماوەیەكی زۆری پێ ناچێت و داعش جارێكی دیكە خۆی نوێ دەكاتەوە، بۆیە پێویستیی بە هەماهەنگییەكی تەواو هەیە لە ناوخۆدا، هەموو هێزە سیاسییەكان لەگەڵ حكوومەت و لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، ئێمە پێویستیمان بە كۆمەك و پشتیوانیی دۆستەكانمان لە دەرەوەش هەیە، بە چ شكلێك و چی دەبێت ئەوە دەمێنێتەوە بۆ دەوڵەت كە لەگەڵ دەوڵەتان ئەو پەیوەندییە ڕێك بخەن، بەڵام بڵێین ئێمە پێویستیمان بەو كۆمەكە نەماوە و داعش نەماوە، من پێموایە ئێمە چاوی خۆمان لە حەقیقەت دەنووقێنین، داعش ماوە و ئێمەش پێویستیمان بە هاوكاریی دۆستانی خۆمان لە دەرەوە ماوە.
مەترسییەكی دیكە لە لای من لە هەمووی مەترسیدارترە، هی ماددەی هۆشبەرە، زۆر بەداخەوە زۆر گەنجی ئێمە هەر لە كوردستانەوە تا دەگاتە بەسڕە تووشی ئەو دەردە بووە، چونكە بەرنامەیەكی رێكوپێك هەبووە بۆ ئەوەی ماڵی ئێمە وێران بكەن. بۆیە پێویستییەكی زۆر هەیە كە دەزگا ئەمنی و دەزگا پەیوەندیدارەكان كارێكی زۆر جددی بكەن بۆ نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، ئەوانەی بازرگانییان كردووە، تاوانبارێكی زۆر مەزنن، ئەوانەی كارخانەی ماددەی هۆشبەریشیان داناوە لەو بازرگانانە تاوانبارترن، ئێمە هیوادارین حكوومەتی داهاتووی فیدرالی، حكوومەتی هەرێمیش هەماهەنگییەكی تەواو بكەن بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو تاوانبارانە دابنێن و سنوورێك بۆ ئەو هەڕەشە زۆر جددییە دابنرێت و ئەوانەی كە بازرگانییان كرد و كارخانەی ماددەی هۆشبەریان دانا، سزا بدرێن و دادگایی بكرێن.
مەترسییەكی دیكە مەسەلەی توندڕەویی نەتەوەیی و تائیفییە كە هیچ جارێك ئێمە سوودمان لێی نەبینییە و خێریشمان لێی نەدیوە، بەداخەوە هەندێكجار ئێمە گوێمان لێ دەبێت كە هەندێك ئەو وەتەرە لێ دەدەن، بەڵام من هیوادارم كە تەنیا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بێت و نەهج نەبێت لە لایەن هیچ لایەنێك، چونكە هیچ خێرمان لێی نەدیوە و لێش نابینین.
دۆخی جیهانی بە گشتی، هەموو قەیرانە بەڵام قەیرانی مەترسیدار ئەوەیە كە لە ناوچەی ئێمەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە هیوادارین هەرچی قەیران هەیە بە ئاشتی و دایەلۆگ چارەسەر بكرێن، ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوەیە لە عێراق، ئێمە هیوادارین كە عێراق تێكەڵی ئەو ململانێیانە نەبێت، میللەتی عێراق بپارێزرێت و عێراق نەبێتە مەیدانی ململانێی لایەنی دیكە و ئێمە هیوادارین لایەنی دیكەش رەچاوی دۆخی عێراق بكەن، هێشتا خەڵكی ئێمە بریندارە، هێشتا وڵاتی ئێمە نەهاتووەتە سەرخۆی، ئنجا سەرەڕای ئەوەش جارێكی دیكە بەڵا بەسەری ئێمەدا بێنەوە، خودا قەبووڵ ناكات.
خاڵی كۆتایی كە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، بابەتی فەرهەنگی پێكەوەژیانە، لە كوردستان ئێمە سەربڵندین و شانازیی پێوە دەكەین، ئەم فەرهەنگە لە هەموو عێراق زۆر بەرز راگیرا ئێمە هیوادارین هەموو لایەك بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئێمە فەرهەنگی پێكەوەژیان دەوڵەمەندتر و پتەوتر بكەین، چونكە بە حەقیقەت عێراق بەوەوە جوانە كە وەكوو لە دەستووریشدا هاتووە، فرە نەتەوەییە، فرە ئایینییە، فرە مەزهەبییە، ئێمە هەموو شەریك بین لەم وڵاتەدا و ئێمە هەموو ئەركی خۆمان بزانین و مافی خۆشمان بزانین.
لە كۆتاییدا، هیوای سەركەوتن بۆ ئەم كۆڕبەندە دەخوازم و جارێكی دیكە بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەك دەكەم، زۆر سوپاس، وەسەلاموعەلەیكم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە