رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لە سلێمانی دەکرێتەوە. بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ناوەندەکە دەڵێت، ئەمە یەکەمین ناوەندی نێودەوڵەتیی دارایی و ئابوورییە لە مێژووی هەموو عێراق دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی بە ئامادەبوونی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانی لە سلێمانی دەکرێتەوە."
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، ئەو ناوەندە رێخۆشکەر دەبێت بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی دیکە لە پارێزگاکەدا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد، "خەسڵەتی ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییە بەجۆرێکە، هەر بانکێک، بۆرسە یان بانکێکی وەبەرهێنان، بەگوێرەی ئەو رێکارانەی کە هەیە بۆ کردنەوەی لق، دەتوانێت لەنێو ئەو ناوەندەدا لق بکاتەوە."
شاد فیکرەت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانی بە رووداوی گوت، "ئەمە یەکەمین ناوەندی نێودەوڵەتیی دارایی و ئابوورییە لە مێژووی هەموو عێراقدا، بۆ بنیاتنانی نێوەڕۆکەکەی سوود لە ناوەندە دارایی و ئابوورییەکانی، نیویۆرک، قەتەر و دووبەی وەرگیراوە."
لەبارەی گرنگیی ناوەندەکەوە، شاد فیکرەت دەڵێت، "دەبێتە کۆکەرەوەی سەرجەم بانکە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و نووسینگە و کۆمپانیاکانی دراو، هەروەها لەنێو ناوەندەکەدا؛ ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئابووری و دارایی لەگەڵ پەیمانگای راهێنان لە بواری ئابووری و دارایی هەیە."
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانی گوتیشی، "ئەم ناوەندە کارئاسانی بۆ کردنەوەی لقی بانک و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دەکات و مامەڵەی دراوە بیانییەکان بۆ کۆمپانیا و هاووڵاتییان ئاسانتر دەکات، کارێکی دیکەی ناوەندەکەش پێشکێشکردنی لێکۆڵینەوەی داراییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ