ئاماری نوێ؛ هەرێمی کوردستان بە 395 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە

دوێنێ کاژێر 06:08
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران تاوەکو کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ 19ـی ئادار، هەرێمی کوردستان بە 395 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری، لە ئەنجامدا هەشت گیانلەدەستدان و 55 بریندار تۆمارکراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بوون بە  زیاتر لە 300 درۆن و مووشەک، دواتر سلێمانی بە زیاتر 70 درۆن و مووشەک، پاشان دهۆک بە شەش درۆن و پارێزگای هەڵەبجەش لە یەک هێرشدا دوو درۆن دژی بەکارهێندراوە.
 
نوێترین ئامارەکان
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە نزیک کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ، لە نزیک کەمپی دارەشەکران لە پارێزگای هەولێر بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک).
 
ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکە بە چوار درۆن کرا، سێ ئەنداممان بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کاژێر 01:00 بۆ 05:20ـی بەرەبەیان، بە پێنج درۆن هێرش کراوەتە سەر هەولێر. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زیانی گیانییان نەبووە و لە ئاسمان بێکاریگەر کراون.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوچەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.
 
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هێرشەکاندا 12 درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێندراون، بەڵام پێش هێرشەکان ئامادەکاریمان بۆ دۆخەکە کردبوو، بۆیە هیچ زیانی گیانیمان نەبووە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی رابردوو دوو هێرشی درۆنی کرانە سەر هەولێر، هەردووکیان لە ئاسمان تێکشکێندران.
 
هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە ئاماری هێرشی دوو رۆژی هێرشەکانی دژ بە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای کۆیەی لە پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 3 هێرشی درۆنی و دوو هێرشی هێرشی موشەکی کراوەتە سەر شاری سلێمانی (بارەگای هێزەکانی 70) و لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە بە سووکی برینداربوون و هەروەها زۆربەی هێرشەکان لە ئاسمان تێکشکێنراون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوو هێرشی درۆنی کرانە سەر کەمپێکی ماڵباتی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەزای کۆیە.
 
بەگوێرەی ئامارەکەی دەزگای ئاسایش، سێشەممە دوو کارمەندی بەرگری شارستانی خەلیفان لەکاتی ئەرکەکانیاندا لە ئەنجامی هێرشەکان بە "سووکی" بریندار بوون.
 
لەبارەی ئاماری هێرشەکانی چوارشەممەوە دەزگای ئاسایش رایگەیاند، دوو هێرشی درۆنی کرایە سەر بارەگای هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و و هەروەها حەوت هێرشی درۆنی کرایەسەر کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە هێرشەکانی چوارشەممەی سەر کۆیەدا هیچ بریندارێک تۆمارنەکراوە.
 
کۆی ئامارەکان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە 395 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لەو ماوەیەدا 312 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 75 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ شەش درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە. نوێترین هێرش بۆسەر دهۆک، کەوتنە خوارەوەی درۆنێک بوو لە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگاکە لە 17ـی ئاداردا.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 55 کەسیش بریندار بوون، نوێترینیان سێ برینداری پێشمەرگەی پاک بوون کە ئەمڕۆ 19ـی ئادار بۆردوومان کران.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگری شارستانی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە.
 
هەر لەنێو بریندارەکان 13 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون.
 
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەڕەنسی بوون لە هەولێر.
 
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر
 
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە، نزیک دارەشەکران.
 
‎پارێزگای سلێمانی
 
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگای دهۆک
 
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ و سنووری بەردەڕەش.
 
‎هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

هاونیشتمانییان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەورووپا جەژنی نەورۆزیان بەرز راگرت

بەهۆی ئەو دۆخەی ناوچەکەی گرتوەتەوە، رێوڕەسمی فەرمی تایبەت بە پێشوازیکردن لە جەژنی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان رێک نەخرا، بەڵام ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی ئامادەکارییان بۆ پێشوازیکردن لە جەژنە نەتەوەییەکەی گەلی کورد کرد و بەو جۆرەش لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەش ئاگری نەورۆز کرایەوە