رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، بە وردی چاودێریی جموجۆڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە و "باڵەکان"ی لە "باکووری عێراق دەکەین، بە تایبەتی ئەو جموجووڵانەی لە رێڕەوی تیرۆریستی نێوان عێراق و سووریادا هەن".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 19-9-2023، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی دوێنێ دووشەممە، 18-9-2023ی فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی 18ی ئەیلوولی 2023 لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی روویدا، جێگەی سەرنجن. وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە راهێنانیان کردووە. ئەم پێشهاتە بە روونی، بوونی هاوئاهەنگیی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی یەکێتی لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی نیشاندەدات".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها دەڵێت، "ئەو رووداوە جارێکی دیکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو رێکارانەی ئێمە سەبارەت بە سلێمانی کە رێکخراوی تیرۆریستیی خەڵکەکەی بە بارمتە گرتووە، چەندە لەجێیە."
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تورکیا داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و 'باڵەکانی' بە رێکخراوی تیرۆریستی بناسن؛ تورکیا هەروەها داوا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە چاوەڕوانە هەنگاوی جیدی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بنرێت.
لە کاتێکدا بەشێک لە بەرپرسانی عێراق تورکیا بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رووداوەکە بە تەقینەوە ناودەبات و بە هیچ شێوەیەکیش باس لەوە ناکات کە ئەو هێرشە لەلایەن کێ ئەنجامدراوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023 بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت. دوای هێرشەکە، دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، "سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ