شێخ باز: گرنگە گفتوگۆکانی بەغدا، ئەنقەرە و هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت چڕبکرێنەوە

19-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار دەڵێت، عێراق پێویستی بە دەقێکی یاسایی هەیە بۆ رێکخستنی وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا؛ داوا لە هەولێر و بەغداش دەکات ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "پێویستە گفتوگۆی سێقۆڵی نێوان بەغدا، ئەنقەرە و هەرێمی کوردستان چڕبکرێنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی لە نزیکترین کاتدا". 
 
شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار، قسەی بۆ میدیای عەرەبی کردووە و لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە دەڵێت، "لایەنە عێراقییەکان چەند پڕۆژە یاسایەکیان لەبەردەمدایە؛ یەکێکان حکومەتی فیدراڵی و یەکێکی دیکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە. بۆچوونی جیاوازی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتیش هەیە و پێویستە رێزیان لێ بگیرێ" و ئاماژە بەوەش دەکات کە "کۆدەنگی نییە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر شیکردنەوەی دەستوور، ئەمە وێڕای بڕیارەکانی دادگە چ لە بەغدا یان پاریس کە بەربەرستییان لەبەردەم لایەنە پەیوەندارەکان دروستکردووە و گفتوگۆکانیان سەختتر کردوون" .
 
شێخ باز بەرزنجی پێشنیاز دەکات پێش پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز، رێککەوتن سەبارەت بە لێکدانەوەی بڕگەکانی دەستوور تایبەت بە بەڕێوەبردنی سامانی سرووشتی و مادە ناکۆکییەکان بکرێت و بگەنە دەقێکی یاسایی کە کەس نەتوانێت پێشلی بکات یان یاری پێ بکات؛ هەروەها رێککەوتن بکرێت لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دارایی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان و حکومەتی فیدراڵی.
 
سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ دەکرێت کاتیە و دەکرێت نوێ بکرێتەوە یان هەموو ساڵێک بەپێی یاسای بودجە دەستکاری بکرێت کە زۆرینەی سیاسی دەستی گرتووە بەسەر گۆڕانکاریی داڕشتنەکەی لە پەرلەماندا. لەو رۆشناییەوە شێخ باز بەرزنجی دەڵێت، "پێویستە لایەنە پەیوەندارەکان لە بەغدا و هەولێر ناکۆکییەکانیان لەبارەی نەوت چارەسەر بکەن؛ نابێت وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکان وەک لایەنێک یان بەشێک لە ناکۆکییەکان بێنە نێو ناکۆکییەکانەوە، تەنیا لە سنووری چارەسەری تەکنیکی و  هونەری نەبێت".
 
لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کە لە 25-03-2023 راگیراوە، شێخ باز دەڵێت، "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت گرێدراوە بە چاککردنەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا لە شوباتی رابردوودا زیانی بەرکەوتووە؛ لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە کەڵەکەبووەکان، بەهۆی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی کە ئەنقەرەی پابەند بە قەرەبووکردنەوەی عێراق کردووە". 
 
سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار باس لەوە دەکات، گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئاستی تەکنیکی، سیاسی و چەندین ئاستی دیکە بەردەوامە و ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای سەردانی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەنقەرە لە مانگی ئابدا گفتوگۆکان رێڕەوێکی جدیتریان وەرگرتووە بۆ دانانی چارەسەری لایەنی تەکنیکی، گرێبەست و دارایی کە جێگەی ناکۆکی هەنووکەیین؛ دەشڵێت، "پێویستە گفتوگۆی سێقۆڵی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەرێمی کوردستان چڕبکرێتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی و هەمیشەیی لە نزیکترین کاتدا." 
 
"هەرێمی کوردستان نموونەیەکی دیارە"
 
شێخ باز پێیوایە ئەزموونی عێراق لە بواری وەبەرهێنانی نەوتدا بڕیار بەدەستەکان دەخاتە بەردەم راستییەک و دەڵێت، "نموونەی سەرکەوتوو لە جیهاندا هەیە؛ پێویستە عێراقییەکان لەسەر سیاسەتی نەوتی نیشتمانی رێکبکەون و لە یەک تێبگەن تاوەکو پارێزگاری بکرێت لە پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت. دەبێت ئەوە کاری لەپێشینە بێت لە نزیک و دوورمەودا."
 
شێخ باز بەرزنجی، کوردستان بە نموونەیەکی دیاری ئەو بوارە دەهێنێتەوە و پێیوایە ژێرخانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا مۆدێلێکە کە "تێیدا کۆمپانیا جیهانییەکان وەبەرهێنانیان لە پیشەسازی نەوت کردووە بە رەزامەندی حکومەت، دامەزراوە یاسایی و بانکی و داراییەکان. ئەو جۆرە کۆمپانیانە دواجار هاوکار بوون لە دامەزراندنی سیاسەتێکی نەوتی نیشتمانی کە رۆڵ و پانتایی هەمووانی لە کەرتی نەوت دیاری کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی".  
 
"وەبەرهێنەرانی کەنداو پێویستیان بە ژینگەیەکی ئارامە"
 
لەبارەی کارکردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، شێخ باز دەڵێت، "سەردەمی هاوبەشی لەگەڵ کەنداو دەستیپێکردووە؛ کارەکە بەرەو سەرکەوتن دەڕوات. کەنداوییەکان ئەزموونێکی چەندان ساڵەیان هەیە و دەکرێت عێراق سوودیان لێوەبگرێت. ئێستا گفتوگۆی باش هەیە بۆ بەستنەوەی کارەبا، ئەمە وێڕای لایەنی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردنی کۆمپانیاکانی کەنداو بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوت و گاز لە چوارچێوەی گەڕەکانی داهاتووی مۆڵەتدان". 
 
بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات، زۆر پێویستە پشتیوانی یاسایی دابین بکرێت بۆ پاراستنی گرێبەستەکانی وەبەرهێنان و بەردەوامی کارکردن لە ژینگەیەکی ئارام کە وەبەرهێنەری کەنداو پێویستی پێیەتی.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.