لە کەرکووک پزیشکێک بە هۆکاری گیانلەدەستدانی نەخۆشێک تۆمەتبار دەکرێت

19-11-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
جینان نازم، ئەو ئافرەتەی "بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە" لە کەرکووک گیانی لەدەستداوە.
جینان نازم، ئەو ئافرەتەی "بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە" لە کەرکووک گیانی لەدەستداوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی تەمەن 54 ساڵ بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی رەحم  دەچێتە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە کەرکووک و وەکو هاوژینەکەی باسی دەکات، بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە تووشی خوێنبەربوون بووە و بەپەلە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی کۆماری و لەیەک رۆژدا سێ نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام سوودی نەبووە و گیانی لەدەستداوە. 
 
عەدنان ئیبراهیم، بەهەناسەی سارد و قوڵپی گریانەوە چیرۆکی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی جینان نازمی هاوژینی دەگێرێتەوە و دەڵێت: "خێزانەکەم هیچی نەبوو؛ نە نەخۆشیی دڵی هەبوو، نە شەکرەی هەبوو، نە گوشاری خوێنی هەبوو، هیچ نەخۆشییەکی نەبوو. تەنیا نەشتەرگەریی رەحممان بۆ کرد. کاژێر 2:30 چووە ژووری نەشتەرگەرییەوە، تاوەکو کاژێر 8:30 خێزانەکەم لە نەشتەرگەری دەرنەچوو. هیچ کەسێک پەیوەندیی پێوەنەکردووین، بڵێن، خێزانەکەت وایلێهاتووە، ئەوە روویداوە، هیچ باس ناکەن. 120 لیتر خوێنم بۆی هێنا." 
 
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی کۆماری،  لەمیانی ئەنجامدانی نەشتەرگەی لە نەخۆشخانە ئەهلیەکە، دوو دەماری سەرەکیی هاوژینەکەی عەدنان پچڕاوە و خوێنبەربوونی کۆنترۆڵ نەکراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
لەسەر سکاڵای کەسوکاری جینان نازم، فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک دەستی بە لێکۆلینەوە کردووە و  بڕیار وایە لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش بۆ دەرخستنی راستییەکان سەردانی کەرکووک بکات.
 
زیاد خەڵەف، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی مەرکەزیمان لە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو بابەت پێکهێناوە، لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوەکە تۆمەتەکە بەسەر هەرکەسدا ساخ بکاتەوە، رێکاری یاسایی لە دژی هەموو سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر".
 
جینان نازم دایکی سێ منداڵە و دوای گیانلەدەستدانی، جگە لە فەرمانگەی تەندروستی، لە دادگە و پۆلیسیش سکاڵا لەسەر نەخۆشخانە ئەهلییەکە تۆمارکراوە. 
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە