زیاتر لە 106 هەزار دەنگی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سووتان

20-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئامادەکردنی: هێمن بابان و هەستیار قادر
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین گرنگییەکی زۆری بۆ کورد هەبوو، بەهۆی ئەوەی کورد دەڵێت، ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە و ناسنامەی بەشێکی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکانی دیکەش هەر کوردستانییە.
 
کورد لە هەموو ئەو پارێزگایانەدا تەنیا 15 کورسی لە کۆی 75 کورسی بەدەستهێناوە کە دابەشبوونەکە بەم جۆرەیە: کەرکووک 7 کورسی بە جۆرێک یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی؛ نەینەوا 6 کورسی بە جۆرێک پارتی 4 کورسی و یەکێتی 2 کورسی؛ لە هەریەکە لە دیالە و سەڵاحەدینیش 1 کورسی بەدەستهاتوون کە لە هەردوو شوێن بەربژێرەکانی یەکێتی سەرکەوتوون. 
 
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد کورد کورسی کەم لە هەموو ئەو پارێزیانەدا بەدەستبهێنێت دابەشبوون و نەبوونی یەکڕیزی بوو. 
 
زیاتر لە 53 هەزار دەنگی کورد لە کەرکووک دەفەوتێن
 
بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی رۆژی سێشەممە 19-12-2023 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک 217 هەزار و 815 دەنگیان بەدەستهێناوە و دەنگەکانیان بەم جۆرەیە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 139 هەزار و 373 دەنگ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 46 هەزار و 749 دەنگ؛ جووڵانەوەی نەوەی نوێ 24 هەزار و 620 دەنگ؛ هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو 6655 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان 377 دەنگ.
 
بەڵام دەنگەکانی نەوەی نوێ، هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک و پارتی سۆسیال دیموکرات هێندە نەبوون کە ئەو لایەنانە بە تەنیا کورسی بەدەستبهێنن و هەربۆیە ئەو دەنگانە هەموویان دەفەوتێن. ئەو دەنگانە لەگەڵ ئەو دەنگانەی دیکەی کە پارتی و یەکێتی بەدەستیان هێناون و بەشی کورسییان نەکرد و دەفەوتێن هەموویان 53 هەزار و 617 دەنگن.
 
زیاتر لە 16 هەزار دەنگی کورد لە دیالە سووتان
 
لەکۆی 15 کورسییەکەی دیالە، کورد تەنیا یەک کورسی بردووەتەوە. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی دیالەدا بەشداربوون، بەڵام بە سێ لیستی جیاواز. بەربژێرەکەی پارتی لەو پارێزگایەدا 6804 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەکانی بەشی هێندە نین ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە؛ هاوکات پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان 133 دەنگی بردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش سووتان؛ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 23715 دەنگی بردووەتەوە، بەڵام بە گوێرەی سیستمی سانتلیگۆ کە کورسییەکان لەسەر بنچینەی دابەش دەکرێن، 9743 دەنگی زیادەن و هەربۆیە ئەوانیش دەسووتێن، واتە کورد بە گشتی لەو پارێزگایە 16 هەزار و 680 دەنگی کورد سووتاون. 
 
سووتانی دەنگی کورد لە سەلاحەدین 
 
لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا پێگەی کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین لە لاوازبوونی بەردەوامدا بووە. پارتە کوردستانییەکان دەیانزانی کە هێندە دەنگ بەدەستناهێنن بەتەنیا بچنە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینەوە، هەربۆیە بەربژێرەکانیان لەنێو لیستەکانی دیکە (کە عەرەبین) جێگە کردەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک بەربژێری هەبوو کە ئەویش لەنێو هاوپەیمانیی جەماهیری وەتەنییەدا بوو و بە بەدەستهێنانی 8448 دەنگ کورسییەکەی بردەوە؛ هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە یەک بەربژێری لەنێو لیستی حەسمی وەتەنییدا هەبوو کە تارا جەلال بوو و تەنیا 1171 دەنگی بەدەستهێنا و ئەو دەنگانەش سووتان. حیزبی شیوعی کوردستانیش بەربژێرێکی هەبوو و ئەویش 620 دەنگی بەدەستهێنا و سووتان. لەو پارێزگایەدا بەگشتی 1791 دەنگی کورد فەوتاون. 
 
سووتانی دەنگی کورد لە نەینەوا
 
چەند ناوچەیەکی گرنگی پارێزگای نەینەوا لە سنووری مادەی 140دان، وەک مەخموور و شنگال. پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پارێزگایەدا 127 هەزار و 938 دەنگی بەدەستهێنا و 4 کورسی بردەوە؛ یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ چەند هێزێکی دیکەدا هاوپەیمانییەکی بەناوی ئەهلی نەینەوا پێکهێنا و 45 هەزار و 939 دەنگی بەدەستهێنا و 2 کورسی بردەوە، بەڵام هەردووکیان دەنگی زۆریشیان لەدەستدا. یەکێتی 9178 دەنگی لەدەستدا و پارتیش 24325 دەنگی سووتان. پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش 923 دەنگی هێنابوو و هەموویان سووتان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.