رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە دۆسیەی ئەمنیی قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین رادەستی پۆلیسی خۆجێیی دەکرێت. پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دام و دەزگا حکومییەکانیش دەدرێتە کورد.
کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنی و سەربازیی پارێزگاری سەلاحەدین رۆژی شەممە، 20-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە دۆسیەی ئەمنی قەزای خورماتوو لە لایەن سوپاوە رادەستی هێزەکانی پۆلیسی خۆجێیی خورماتوو دەکرێت. بەم شێوەیە دۆسیەی ئەمنی دەکەوێتە دەست پۆلیسی خورماتوو".
کاوە شێخانی دەڵێت، هەوڵ دەدەن پۆستە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی یەکسان لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان دابەش بکرێت و رایگەیاند، پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دام و دەزگا حکومییەکان لە خورماتوو دەدرێتە کورد و عەمید خالید سەعدوون کە کوردە دەبێتە بەڕێوەبەر.
راوێژکاری ئەمنی و سەربازیی پارێزگاری سەلاحەددین گوتیشی، بۆ وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی، پۆلیسی خورماتوو ئامادەکاری کردووە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش ئۆتۆمبێل و چەک و پێداویستییەکانی بۆ پۆلیسی خورماتوو دابین کردووە.
زیاتر لە شەش ساڵە خورماتوو لە دۆخێکی نائاساییدایە و کورد پۆستە کارگێڕییەکانی لەدەستداوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18-12-2023 بەڕێوەچوو، یەک نوێنەری بۆ ئەنجوومەنەکە دەرچوو کە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ