رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا هۆشدارییەکی تووند دەدات لەبارەی "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رایدەگەیێنێت، گرووپە چەکدارە تووندڕۆکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا، هەڕەشەیەکی راستەوخۆ لەسەر شاری کۆبانێ دروست دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا مەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکان گەلی کورد و ئەو هێزانەیان کردووەتە ئامانج کە "لە ریزی پێشەوەی شەڕی دژی داعش بوون و رۆڵیان لە تێکشکاندنیدا هەبوو."
ئەنجوومەنەکە سەرکۆنەی کردەوەکانی ئەو گرووپانە دەکات و دەڵێت: "لەسێدارەدانی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دوای بەدیلگرتنیان، هەروەها ئازادکردنی ئەندامانی رێکخراوی داعش، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی تیرۆرە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی." مەسەدە هۆشداریش دەدات لە ئەگەری "ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی نوێ، هاوشێوەی ئەوەی بەرامبەر عەلەوی، درووز و کورد لە حەلەب روویدا."
مەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە شاری کۆبانێ، کە بە "سیمبولی بەرخۆدانی جیهانی دژی داعش و سەرەتای رووخانی" ناوی دەبات، رووبەڕووی هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بووەتەوە و دەڵێت: "هێرشکردنە سەر کۆبانێ، هێرشکردنە سەر بەها دیموکراسییەکان و ئازادییە، هەروەها هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەیە لەوانەی تیرۆریان تێکشکاند."
بە گوتەی مەسەدە، هاوکات لەگەڵ کۆبانێ، "هەرێمی جزیرە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە عەرەب، کورد، سریان و ئاشووری، کراوەتە ئامانج، لە هێرشێکدا کە ئامانجی تێکدانی پڕۆژەی پێکەوەژیان و رێگریکردنە لە دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتی ئازاد."
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات داوای پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات و دەڵێت: "پشتیوانیکردنی هەسەدە ئەمڕۆ بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مرۆییە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل." هۆشداریش دەدات کە "پشتگوێخستنی ئەم مەترسییانە وا دەکات تیرۆر جارێکی دیکە لە دەرگای جیهان بدات."
مەسەدە دووپاتی دەکاتەوە کە "پابەندی زمانی دیالۆگ و دانوستاندنن لەگەڵ حکومەتی کاتی"، بەڵام ئیدانەی "کردەوە دڕندانەکانی دەسەڵاتی دیمەشق دەکات کە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە رەتدەکەنەوە." بۆیە جەخت دەکاتەوە کە "پێویستە بەرخۆدانی رەوا بەردەوام بێت بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و کەرامەت و بۆ دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتی، فرەحیزبی، لامەرکەزی و ئارام بۆ هەموو رۆڵەکانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ